ئەردۆغان رۆژی شەممە سوێندی یاسایی دەخوات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممەی داهاتوو، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات و هەمان رۆژ کابینەی نوێی حکومەتەکەی رادەگەیێنێت.
بڕیارە رۆژی شەممە، 3ـی حوزەیرانی 2023، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رابگەیێنێت و، بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمییدا بڵاوبکرێتەوە.
بەپێی رۆژژمێری یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا، پێویستە لە ماوەی 48 کاژێردا سەرۆک کابینەی نوێی ئاشکرا بکات و تەواوی ئەندامانی کابینەکە لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەماندا سوێندی یاسایی بخۆن.
بەوپێیە، ئێوارەی رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی تورکیا، دەچێتە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا و سوێندی یاسایی دەخوات. دواتر ناوی وەزیرانی کابینەکەی رادەگەیێنێت و هەمان رۆژ لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە.
رۆژی 4ـی حوزەیرانیش، وەزیرانی کابینە نوێیەکەی حکومەتی تورکیا لە بەردەم 28ـەمین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا سوێندی یاسایی دەخۆن. بەمەش رۆژی 5ـی حوزەیران، لەگەڵ وەزیرانی پێشوو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکەن و دەستبەکار دەبن.