تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندیی جەهەپە دەستیان لەکارکێشایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری جەهەپە، دەستیان لەکارکێشایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو پەسندی کرد. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی حوزەیرانی 2023، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری جەهەپە بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ئەنقەرە کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە چوار کاژێر و نیوی خایاند و لە کۆتاییدا تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەستیان لەکارکێشایەوە و کڵچدارئۆغڵو دەست لەکارکێشانەوەکانی پەسندکرد. 
 
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری جەهەپە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانی 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا و هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. لە کۆبوونەوەکەدا داوای دەست لەکارکێشانەوەی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کرا. 
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەستیان لەکارکێشایەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو پەسندی کرد. 
 
ناوی ئەندامە دەست لەکارکێشاوەکان:
 
- ئەحمەد ئاکن
- عەلی ئۆزتونچ
- بولەنت کوشئۆغڵو 
- بولەنت تەزجان
- دەڤریم باڕش چەلیک 
- فایق ئۆزتراک 
- فەتحی ئاچکئەل 
- گامزە ئاککوش ئیلگەزدی
- گۆکچە گۆکچەن 
- گولیزار بیچەر کاراجا
- لالە کارابییک 
- موحەڕەم ئەرکەک 
- ئۆغوز کائان ساڵیجی
- سەلین سایەک بۆکە 
- سەید تۆڕون 
- ڤەلی ئاگبابا
- یوکسەل تاشکن 
 
دوای دۆڕاندنی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە، دەنگی ناڕەزایەتیی لەناو ئەندامان و لایەنگرانی جەهەپە بەرزبووەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکرێت. 
 
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بکرێتە سەرۆکی جەهەپە.