دەم پارتی لەبارەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری: نابێت تەنیا کار لەسەر چەکدانانی پەکەکە بکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لەبارەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دەڵێت، "نابێت تەنیا کار لەسەر چەکدانانی پەکەکە بکات. پرسی کورد، تەنیا بە چەکدانان چارەسەر ناکرێت."
مەحفوز گولەریوز، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی هەینی 1ی ئابی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "پرسی کورد، پرسێکی ریشەیی 100 ساڵەی ئەم وڵاتەیە. ئەم پرسە لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە دروست نەبووە، بەڵکو لەگەڵ دامەزراندنی کۆمارەوە دروستبووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ کێشەی سەرەکیی هەموو سەردەمەکان بووە."
یاریدەدەرەکەی هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەبارەی ئەو لیژنەیەی کە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، گوتی، "نابێت تەنیا کار لەسەر چەکدانانی پەکەکە بکات. پرسی کورد تەنیا بە چەکدانان چارەسەر ناکرێت."
گولەریوز بەشداریکردنی پارتە سیاسییەکانی لە لیژنەکە بە "گرنگ" ناوبرد و باسی لەوەش کرد، "چاوەڕوانیی کۆمەڵگە و ئێمەش لە لیژنەکە ئەوەیە، کارەکان بە شێوەیەکی شەفافانە بەڕێوەببات."
لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بڕیار بوو لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوە، بۆ 48 ئەندام دابەزیوە.
ئاکپارتی بە 21 ئەندام، جەهەپە بە 10 ئەندام، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە بە 4 ئەندام، پارتی رێگەی نوێ بە 3 ئەندام و هەر یەک لە پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە یەک ئەندام بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەن.
لیژنەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 05-08-2025 بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.