پارتی دەڤا لەبارەی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری: دەکرێ هەندێ لە کۆبوونەوەکانی بە بەرچاوی میدیاکارانەوە بکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیی تورکیا (دەڤا) دەڵێت، نابێت لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری بە جۆرێک کار بکات کە گومان لای خەڵک لەبارەی پرۆسەکە دروستبکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "دەکرێت لیژنەکە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی بەشێوەی داخراو و هەندێکیشیان بە بەرچاوی میدیاکارانەوە بکات."
محەممەد ئەمین ئەکمەن، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤا، رۆژی هەینی 1ی ئابی 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری قسەی کرد.
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤا لەبارەی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەی پەرلەمان تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، گوتی، "لیژنەکە بڕیار لە ناو، شێوازی کارکردن و رێکارەکانی دەدات."
ئەکمەن ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت لیژنەکە بە جۆرێک کار بکات، گومان لای خەڵک لەبارەی پرۆسەکە دروست بکات؛ گوتیشی، "لەگەڵ ئەوەداین، لیژنەکە ئەرکێک بگرێتە ئەستۆ کە بەشێوەیەکی دروست زانیاری بە خەڵک بدات."
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی دەڤا لەبارەی چۆنیەتی کارکردنی لیژنەکە گوتی، "لەبەر هەندێک نهێنی دەوڵەت، دەکرێت هەندێک کۆبوونەوەکانی بەشێوەی داخراو بکات، بەڵام پێویستە هەندێک کۆبوونەوەش بە بەرچاوی میدیاکارانەوە بن."
بە گوتەی ئەکمەن، کاری لیژنەکە لە سەرەتادا بڕیاردان دەبێ لەبارەی گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ تورکیا؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دواتریش گفتوگۆ لەبارەی تەندروستی، مافی خوێندن و سیاسەتکردنی ئەو گەریلایانە دەکرێت.
پارتی دەڤا کە عەلی باباجان سەرۆکیەتی، ئێستا لەگەڵ هەریەکە لە پارتی ئایندە و سەعادەت فارکسیۆنێکی هاوبەشیان بە ناوی "رێگەی نوێ" لە پەرلەمان پێکهێناوە و بەیەکەوە 21 کورسییان هەیە.
لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بڕیاربوو لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوە، بۆ 48 ئەندام دابەزیوە.
ئاکپارتی بە 21 ئەندام، جەهەپە بە 10 ئەندام، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە بە 4 ئەندام، پارتی رێگەی نوێ بە 3 ئەندام و هەر یەک لە پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە یەک ئەندام بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەن.
لیژنەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 05-08-2025 بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.