ئەردۆغان دەڵێت پرۆسەی چارەسەری "زۆر زۆر" هەستیارە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، پرۆسەی ئاشتی بە "زۆر هەستیار" ناو دەبات و دەڵێت، "بەڵام لە سەرەتاوە بە ئەرێنییەوە سەیری دەکەین، هەوڵدەدەین بە ئەرێنییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین". دەشڵێت، "کۆماری تورکیا لەبەردەم هیچ هێزێکی دنیا ملکەچ ناکات، سەری دانانەوێنێت، سازش ناکات و هەرگیز سەروەریی خۆی ناکاتە بابەتی وتوێژ."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداری لە کردنەوەی چوارەمین وەرزی 28ـەمین خولی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ساڵێک لەمەوبەر لە پەرلەمان بە تەوقەیەکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد.
باسی لەوەش کرد: "دەوڵەت باخچەلی، لە هەمان رۆژدا بە هەڵوێستی نیشانەدار و میهرەبانانەی لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان و بە لێدوانە کراوەکانی لە دەرەوەی پەرلەمان، بیرۆکەکانی بۆ بنیاتنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر لەگەڵ حکومەت و ئۆپۆزسیۆن هاوبەش کرد. لە ماوەی ساڵێکدا هەنگاوی مێژوویی بەرەو ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" نراون و پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست هاتووە.
ئەردۆغان، سوپاسی دەوڵەت باخچەلی کرد و بە یەکێک لە ئەندازیارانی "ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر" ناوی برد، هەروەها سوپاسی دەم پارتی و بەرپرسەکانی کرد و گوتی: "لەم پرۆسەیەی تەمەنی بووە ساڵێک بە هەڵوێست و هەوڵە بنیاتنەرەکانیان، بەشدارییەکی گرنگیان لە پاککردنەوەی تورکیا لە تیرۆر کردووە. لێرەدا بە رەحمەت یادی بەڕێز سری سوورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ دەکەمەوە، کە تا دوایین هەناسەی بۆ رووخاندنی دیواری تیرۆر و سەروەربوونی ئاشتی و برایەتی لە هەموو بستێکی وڵاتەکەماندا هەوڵیدا."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ساڵێکدا، پەکەکە هێرشەکانی راگرتووە و هەڵوەشاندنەوەی خۆیشی راگەیاند و بە رێوڕەسمێکی سیمبولی چەکەکانی سووتاندووە: "بەم شێوەیە، کێشەی تیرۆر کە لە ساڵی 1984ـەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و زیانی ئابووری بە بڕی 2 تریلیۆن دۆلار، گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی."
سەبارەت بەو کۆمیسیۆنەی بۆ پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکهاتووە، ئەردۆغان گوتی: "پێشنیازەکان کە لە کۆمیسیۆنی پاڵپشتنیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی خرانەڕوو، دوای گفتوگۆ و سازان جێبەجێ دەکرێن، کە ئەمەش قۆناخی داهاتوو دەبێت."
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەم کۆمسیۆنەش نیشانیداوە چارەسەر بە چەک نابێت، دەستیش ناکرێت بە مشتەکۆڵەوە. هەموو شتێک دەکرێت بە رێزەوە قسەی لەسەر بکرێت، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و راوێژی لەسەر بکرێت."
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "بەهێزترین کاردانەوە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ئیدارەی ئیسرائیل لە غەززە و فەلەستین دەیکات و تیرۆری دەوڵەت لە ناوچەکەدا بڵاو دەکاتەوە، لەسەر ئەم کورسییانەوە بەرزبووەوە کە 86 ملیۆن هاوڵاتیی تێیدا نوێنەرایەتی دەکرێن."
لەبارەی پەرلەمانەوە، ئەردۆغان گوتی: "وەک یەکەم سەرۆککۆمار کە راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، منیش لەسەر ئەم سەکۆیە، سەکۆی گەل، هەمان دڵخۆشیتان لەگەڵدا بەش دەکەم. زۆر دڵخۆشم بەوەی کە بەشدارم لە شانازیتان. هیوای ساڵێکی یاسادانانی نوێی پەرلەمانمان دەکەم کە مایەی خێر بێت بۆ پەرلەمانتارانمان، وڵاتەکەمان، نەتەوەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی."
ئەردۆغان رایگەیاند، "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە بە دڵ و گیان کار بکەین بۆ ئەوەی ئامانجەکانی سەدەی تورکیا بەدی بێنین و، شەو و رۆژ بکەین بەیەک. ئەم خەباتە تەنیا ئەرکی ئێمە نییە وەک حکومەت و هاوپەیمانی. ئەرکی سەرەکیی هەر یەکێک لە پەرلەمانتارانە کە بە ئارەزووی گەل لە هۆڵی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندان."
ئەردۆغان گوتی: "لە سەختترین رۆژانی جەنگی سەربەخۆیدا، گرنگترین بڕیارەکان لەژێر ئەم بنمیچەدا دراون کە وەک بارەگای خەباتی داهاتوومان ئەرکێکی گرنگی لەسەر شانە. پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانێکی قارەمانە. لێرە، بە دروشمی 'سەروەری بێ مەرج هی نیشتمانە'، بووەتە شوێنی بەدیهاتنی ئیرادەی نیشتمانی."
پەرلەمانی تورکیا 105 ساڵە دامەزراوە، ئەردۆغان بە بنکەی سەرەکیی دیموکراسی ناوی برد و گوتی: "لە 105 ساڵی رابردوودا، لەژێر دەستکەوتە بێشومارەکانی نەتەوەکەمان لە بواری ماف و ئازادییەکاندا، بەتایبەتی بنەمای 'سەروەری ئیرادەی نیشتمانی'، واژۆ و ماندووبوون و خەباتی بێوێنەی ئەندامە بەڕێزەکانی ئەم پەرلەمانە پیرۆزە هەیە."
ئەردۆغان باسی پەرلەمانی کرد لە کاتی کودەتاکەی 15ی تەممووز و گوتی: "لە شەوی 15ی تەممووزدا، پەرلەمانەکەمان سەرەڕای هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکان و ئەو بۆمبانەی بەسەریدا دەبارین، بە بێ ترس پارێزگاری لە متمانەی نیشتمان کرد و بۆ جاری دووەم بە نازناوی قارەمان شانازی پێدرا. ئەم بنمیچە پیرۆزە کە لە جەنگی سەربەخۆیدا بەرگری لە حەوت وڵات کرد و لە مێژوودا تۆمار کرا، بە هەمان ئازایەتیی شایستەی خۆی کودەتاکەی 15ی تەمموزی پوچەڵ کردەوە و ناوی خۆی بە شانازییەوە لە شوێنێکی تایبەت لە نێو پەرلەمانەکانی جیهاندا تۆمار کرد."
سەبارەت بە پرسی غەززە و رۆڵی پەرلەمان لەو پرسەدا ئەردؤغان گوتی: "پەرلەمانەکەمان کە بە هەڵوێستی سازش نەکردنی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژیی غەززە، بووەتە وەرگێڕی ویژدانی گەلەکەمان، بە بڵاوکردنەوەی 7 راگەیێندراوی هاوبەش جیاوازیی خۆی نیشاندا. بەتایبەتی 'تەزکەرەی کۆمەڵکوژیی گەلی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە' کە لە 29ی ئاب لەلایەن کۆبوونەوە گشتییەوە پەسند کرا. پەیامێکی زۆر بەهێز بوو بۆ ئەوانەی کە چاوپۆشی لە ستەم دەکەن و لە گۆمی بێئاگاییدا نقوم بوون."
بە گوتەی ئەردۆغان وڵاتەکەی 102 هەزار تۆن هاوکاری بۆ غەززە ناردووە. هەروەها بە بڕینی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل و بەشداریکردن لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی کە لە دادگای نێودەوڵەتی داد دامەزرا و بە چەندین هەنگاوی دیپلۆماسی، یاسایی و ئابووری دیکە، بە تووندی پشتیوانییان لە دانیشتوانی غەززە کردووە.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی کۆبوونەوەکەی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "پێشنیازەکانمان پێشکێش کرد، رێگەچارەکانمان نیشاندا و بە روونی ئەوەمان خستەڕوو کە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن پێویستمان بە چییە؟ بنەمای ئێمە ئەوەیە کە جەنگ براوەی نییە و ئاشتییەکی دادپەروەرانە دۆڕاوی نییە. برایانی فەلەستینیمان بە خەباتی بەشکۆیانەوە، ئەو نەتەوەیەن کە لە جیهاندا زۆرترین مافی ئاشتی و ئارامییان هەیە. گەیاندنی فەلەستینییەکان بەو ژینگەی ئاشتییە درێژخایەنە کە شایستەیەتی، قەرزێکی سەر جیهانی ئیسلامی و دواتریش سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەرامبەر بە غەززە."
"تورکیا نیشتمانی کوردانە"
ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەو هەنگاوانەی لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی تورکیا دەیاننێن، دەبێت بە تەواوی لە کەشوهەوای ئاشتی و برایەتی جیا بکرێنەوە. جەختی لەوە کردەوە تورکیا نەک هەر نیشتمانی کوردانی تورکیایە، بەڵکو گەورەترین، دڵسۆزترین و متمانەپێکراوترین پارێزەر، برای کوردانی دەرەوەی سنوورەکانی تورکیایشە، و یەکەم پەناگەیەکە کە لە رۆژانی سەختدا لێی دەدرێت، و رایگەیاند کە ئەمە وەک سەتان ساڵە، ئەمڕۆ و سبەینێش بەم شێوەیە دەبێت و هەرگیز ناگۆڕێت.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی کوردئ رۆژئاوای کرد و گوتی: "هەرگیز رێگە نادەین برایانی کوردمان لە دەرەوەی سنوورەکانمان، لەژێر گوشارەکانی هەندێک رێکخراوی تیرۆریستی و لەلایەن هەندێک وڵات و گرووپی دوژمنی تورک، کورد و عەرەب، بە گشتی موسڵمان، سوودیان لێ وەرگیرێت. لە سەرەتاوە بەهێزانە پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین. ئەمڕۆش بەهێزترین دژبەری پلانی دابەشکردنی سووریاین. بۆ دابینکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و رێگریکردن لە دروستبوونی هەر پێکهاتەیەکی تیرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەکانمان، هەموو کەناڵەکانی دیپلۆماسیمان خستووەتە گەڕ." گوتیشی: "ئەم هەڵوێستە بنەڕەتییەی ئێمە، نەک بە زیانی گەلی سووریا، بەڵکو بە قازانجی ئەوانە، لەوانەش برایانی کوردمان، هەڵوێستێکە کە ئامانجی رزگارکردنی ناوچەکەمانە لە تیرۆر. دووبارە جەخت دەکەمەوە؛ تورک، کورد، عەرەب، سوننە، شیعە، عەلەوی، نوسەیری، بەبێ جیاوازی بنەچەی نەتەوەیی، زمان، مەزهەب، هەموومان هاوڕێ و رێبواری داهاتوویەکی هاوبەشین."
ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی چاکسازی لە ئابووریی تورکیادا
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "لەپێشینەی کارەکانمان چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی گوزەرانی خەڵکە. لە مانگی ئابدا بە تۆمارکردنی نزمترین رێژەی هەڵاوسان لە 45 مانگی رابردوودا، گەیشتینە وەرچەرخانێکی گرنگ. پلانمان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەڵاوسان بۆ خوار 30% و لە ساڵی 2026ـدا بۆ خوار 20% دابەزێنین."
ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەشکرد، لە بواری هەناردەکردندا، زۆر باش دەڕۆن. لە مانگی ئابدا هەناردەی ساڵانەیان 269 ملیار دۆلاری تێپەڕاند. یەدەگی بانکی ناوەندییان گەیشتووەتە 179 ملیار دۆلار و بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەردۆغان گوتی: "ساڵی 2026 لە ئابووریی تورکیادا دەبێتە ساڵێکی پڕ لە چاکسازی. لە پیشەسازییەوە تاوەکو تەکنەلۆژیا، لە کشتوکاڵەوە تاوەکو وزە، لە هەموو بوارەکانی ئابووریدا گۆڕانکارییەکی گەورە دەستپێدەکەین."