وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە: 3.5 ملیۆن پەنابەری سووری لە تورکیا هەن


رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزیر و گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاشکرایکرد، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا ژمارەی پەنابەرانی سووری سێ ملیۆن و 577 هەزار کەسن. 
 
ئیسماعیل چاتاکلی، بریکاری وەزیر و گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، سێ ملیۆن و 577 هەزار و 714 پەنابەری کاتیی سووری لە تورکیا و باکووری کوردستاندا نیشتەجێن. 
 
ئیسماعیل چاتاکلی راشیگەیاند، 318 هەزار و 717 پەنابەری دیکەی کاتی لە چوارچێوەی پارێزراویی نێودەوڵەتییدا لە تورکیا نیشتەجێن. بە پەنابەرە سوورییەکانەوە، کۆی ئەو پەنابەرە کاتییانەی لە تورکیا و باکووری کوردستان نیشتەجێن، ژمارەیان دەگاتە سێ ملیۆن و 896 هەزار و 431 کەس. 
 
ژمارەی ئەو بیانییانەی ئیقامەیان هەیە یەک ملیۆن و 342 هەزار و 995 کەسن. بەمەش کۆی گشتیی بیانییەکانی تورکیا بەهەموو رەهەندەکانیانەوە پێنج ملیۆن و 239 هەزار و 426 کەسن، کە یەک ملیۆن و 22 هەزار و 703 کەسیان قوتابی و خوێندکاری سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنن.   
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا: پەنابەرانی سووریی 4.13٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان پێکدێنن. دوو ملیۆن و 454 هەزار و 822 کەسیان لە پارێزگاکانی تورکیا و یەک ملیۆن و 197 هەزار و 991 کەسیان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان نیشتەجێن. هەروەها 98.7٪یان لە شارەکان و 1.43یشیان لە کەمپەکاندا دەژین. 211 هەزاریان وڵاتینامەیان پێدراوە و 113 هەزار و 654 کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە و 505 هەزار و 190 کەسیان خۆویستانە گەڕاونەتەوە سووریا و رۆژئاوای کوردستان و 19 هەزار و 336 کەسیان بەهۆی کێشەی ئەمنییەوە دیپۆرتکراونەتەوە.