ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات؛ نەتەنیاهووش بە فیرعەون دەچوێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئێوارەی رۆژی دووشەممە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتیی ئۆکراینا و دۆخی غەززە، قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکات. سەرۆککۆماری تورکیا هێرشی تووند دەکاتە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دەڵێت، "نەتەنیاهوو باجی نەهامەتیی منداڵانی غەززە دەدات."
رۆژی هەینی 02-01-2026 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای نوێژی هەینی لە ئیستەنبووڵ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ گفتوگۆیەکی گرنگ. ئێوارەی رۆژی دووشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دیکەمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ دەبێت."
ئەردۆغان روونیکردەوە، تەوەری سەرەکیی پەیوەندییەکە بریتی دەبێت لە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکراینا و دۆخی فەلەستین.
دیپلۆماسیی جەنگی ئۆکراینا
لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ئەردۆغان گوتی، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا هەیە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی وڵاتانی ئامادە (کۆمەڵێک وڵاتی پشتیوانی ئۆکراینان) کە بڕیارە لە پاریس بەڕێوەبچێت، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەم راسپاردووە بە نوێنەرایەتیی من بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکات کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بکرێت."
تـورکیا بەهۆی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ، وەک یەکێک لە یاریزانە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان دەردەکەوێت بۆ هەبوونی رۆڵ لە وەستاندنی جەنگەکە.
"ئیسرائیل رێگرە و نەتەنیاهوو باجەکەی دەدات"
ئەردۆغان بەهۆی "رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە،" بە تووندی ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد، کە بەهۆی جەنگی دوو ساڵەی ئیسرائیلەوە وێران بووە و دانیشتووانەکەی ناچار بە ئاوارەیی کراون.
سەبارەت بە غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رێگری لەو کۆنتێنەرانە دەکات کە تورکیا دەیەوێ بیاننێرێت بۆ کەرتی غەززە و گوتی: "ئەو فیرعەونەی پێی دەگوترێت نەتەنیاهوو، ئەوەی کردوویەتی بۆی ناچێتە سەر، چونکە ئاهوناڵەی زۆر كهسی ستهمدیدهی تهمهن حهوت ساڵ بۆ 70 ساڵ دەیگرێ. دۆخی ئەو منداڵانەی لەنێو با و باران و قوڕدان، لەنێو ئەو خێوەتانەی کە لە هەموو شتێک دەچن جگە لە خێوەت، بێگومان ئاهوناڵەیان بۆ نەتەنیاهوو بێ سزا تێناپەڕێ. ئێمە هەموو شتێک دەکەین کە لە تواناماندا بێ، بەڵام چونکە ئەو رێگە نادات، ناتوانین کۆنتێنەر بنێرین. زوو یان درەنگ ئەو ستەملێکراوانە لەم ناخۆشییە رزگار دەکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە زیاتر لە 71 هەزار کەس لە غەززە کوژراون، هەروەها زیاتر لە 171 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. زۆربەی چادرەکانیش کەمترین مەرجی سەلامەتییان هەیە و مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیان لەسەرە، بەتایبەت کە خەڵک رێگەی سەرەتایی بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاردێنن.
پەیامی گردبوونەوەکەی پردی گەڵەتە
ئەردۆغان باسی لەو گردبوونەوە جەماوەرییەش کرد کە لە رۆژی سەری ساڵدا لەسەر پردی گەڵەتە لە ئیستەنبووڵ بۆ پشتیوانی لە غەززە رێکخرا و بە "دیمەنێکی مێژوویی" ناوی برد.
ئەردۆغان گوتی، "بە روونی دەرکەوت کە فەڵەستین تەنیا نییە. ئێمە غەززە و فەڵەستینمان جێنەهێشتووە و جێشیان ناهێڵین."