وەزارەتی بەرگریی تورکیا: 80 ئامانجمان لە شنگال، قەرەچوخ و دێرک بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای دەکات لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "هەڵۆی زستان"دا لە ناوچەکانی قەرەچوخ، شنگال و دێرک لە باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا 80 ئامانجیان بۆردومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیێندراوێکی لە بارەی بۆردوومانی شەوی رابردووی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پەکەکە لە شنگال و قەرەچوخ لە باشووری کوردستان و دێرک لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند چەندین حەشارگە، ئەشکەوت، تونێل، عەمباری چەک و تەقەمەنی و بنکە و کەمپی مەشق و راهێنانی گەریلا و شەڕڤانان بۆردوومان کراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا. کە ئۆپەراسیۆنەکەی بە "هەڵۆی زستان" ناوبردووە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە هەستیاری کراوە: "هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو، ئەم ئۆپەراسیۆنەش بەشێوەیەکی زۆر هەستیار کراوە تەنیا تیرۆریستان و حەشارگەکانیان کراونەتە ئامانج. هەموو هەوڵێکیش دراوە بۆ ئەوەی سەر و ماڵی هاووڵاتییان پارێزراوبێت و زیان بە ژینگە نەگات".
بەڵام بەپێی سەرچاوەیەک لە تەندروستیی مەخموور بۆ پەیامنێری رووداو باسی لە ئاکامی بۆردوومانەکەی مەخموور 17 کەس بریندار بوون و 8 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. کە پێنجیان گەریلا بوون و سێیەکەی دیکەش سڤیل بوون. لەنێو بریندارەکانیش پیاو، ژن و منداڵیشی تێدایە. 7 لە بریندارەکانیش برینەکانیان سەختە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، نزیکەی 60 فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی چاودێری، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار، بەکارهێندراون و ئامانجەکان لە قوڵایی 165 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی قەرەچوخ، 85 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی شنگال و نۆ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی دێرک بۆردومان کراون".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئامانجەکانیش نزیکەی 80 خاڵ بوون لە سێ ناوچەی جیاوازدا و بەهۆی بۆردوومانکردنی عەمبارەکانی چەک و تەقەمەنیشەوە، چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەکەدا روویدا، هەروەها باڵەخانەیەکیش کرایە ئامانج کە بەناو بەرپرسانی رێکخراوەکە تیێیدا کۆبووبوونەوە".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئاماری کوژران و زانیاری وردتر بڵاودەکەنەوە.
تاوەکو ئێستا زانیاریی پشتڕاستکراوە و فەرمی لەبارەی بۆردوومانی دێرکی رۆژئاوای رۆژئاوای کوردستان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، بڵاونەکراوەتەوە و پارتی کرێکارانی کوردستانیش هیچ راگەیێندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە.
هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە، رهجهب تهیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی فیدراسیۆنی وەبەرهێنەرانی گەنجی تورکیا TÜGİK، گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بارەی بۆردومانکردنی مەخموور، شنگال و دێرک، رایگەیاند شەوی رابردوو بۆردوومانی سێ ناوچەی جیاوازیان کرد و بە لێدان لە چەند ئامانجێک وایانکردووە بە ئامانجکراوەکان "رێگای هەڵاتنیان نهمێنێت".