هاوسەرۆکی دەم پارتی: خۆمان بۆ قۆناخی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە ئامادە دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەدەمەوەچوونی پەکەکە و قۆناخی دوای بانگەوازەکە رایگەیاند، خۆیان بۆ قۆناخی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە ئامادە دەکەن. 
 
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025) لە ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی پارتەکە کۆبووەوە. بەر لە کۆبوونەوەکە باکرهان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. 
 
باکرهان رایگەیاند، دوای نزیکەی 50 ساڵ، دامەزرێنەری پەکەکە بانگەوازێکی بڵاوکردەوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ چوونە قۆناخێکی نوێ "بانگەوازەکە هێندە گرنگ بوو، کۆتایی بە 50 ساڵەی سەردەمی پێکدادان و توندوتیژی هێنا و داوای گرتنەبەری سیاسەتی دیموکراسیی، کاری مەدەنی و سیاسیی کرد."
 
بانگەوازەکەی ئۆجەلان وەک باکرهان دەڵێ "لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوەش، پێشوازیی گەرمی لێکرا. ئێمەش بایەخی زۆرمان بەم بانگەوازە دا لە لێدوان و راگەیێندراوەکانمان دا."
 
رۆژی 27-2-2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە بانگەوازێکدا کە لەلایەن شاندی ئیمراڵی بۆ میدیاکان خرایەڕوو، داوای هەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی لە پەکەکە کرد، گوتیشی "من، بەرپرسیاریێتیی مێژوویی ئەو بانگەوازە لە ئەستۆ دەگرم."
 
باکرهان دەڵێ ناوی بانگەشەکە کە "ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بوو، هێندەی نێوەڕۆکەکەی گرنگ بوو. ئێمەش دوای ئەم بانگەوازە، یەکەم کۆبوونەوەمان دەکەین. چونکە پەیامی نێو بانگەوازەکە تەنیا بۆ دەسەڵات نییە، بەڵکو بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیشە کە دەبێ گۆڕانکاری بکرێت و سەردەمێکی نوێ بێتە کایەوە."
 
باکرهان راشیگەیاند، سەرباری هەموو ئاستەنگ و هەڵوێستە نەرێنییەکان و زمانی زبر و هەڕەشەکان، ئۆجەلان توانی کار بۆ ئاشتی بکات "ئەم خاکە زۆر پێویستی بە ئاشتیی و ئارامییە. پێشتریش ئۆجەلان کاری بۆ ئاشتی کرد، نەخشەڕێگەی داڕشت بەڵام شکستی پێهێندرا. ئەمڕۆش سەرباری هەموو گوشار و بەلاڕێدابردنە جیاوازەکان. کەچی سووربوونی، گەیشتە ئەم ئەنجامە."
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەدوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، ئاگربەستی راگەیاند و بڕیاریدا پابەندی بانگەوازی هەڵوەشانەوە و چەکدانان بێت، بەو مەرجەری ئۆجەلان خۆی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوە بەڕێوەببات. 
 
باکرهان گوتی "هەمووان چاوەڕێی بانگەوازەکە بوون، ئیدی بانگەوازەکە کرا، دواتر پەکەکە وەڵامی ئەرێنی و پابەندکارانەی دایەوە، بۆیە پێویستە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بەزووترین کات دەستپێبکەن."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆتاییدا روونیکردەوە "پەرلەمانیش رۆڵی سەرەکیی دەگێڕێت، پێویستە هەر بەرپرسیاریێتییەک بکەوێتە ئەستۆی، جێبەجێی بکات. هیوادارم پەرلەمانیش دەست بە گۆڕانکاری بکات. چونکە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دووبارە خوێن نەڕژێت."