هاکان فیدان و فالح فەییاز پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا تاوتوێ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی 1ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس وێنەیەکی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هاکان فیدان لە ئەنقەرە پێشوازی لە فالح فەییاز کردووە.  
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە: "هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەمان لەگەڵ فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ئەنقەرە کۆبووەوە؛" ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە پتەوکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵاتە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکەی نێوان هاکان فیدان و فالح فەییاز بە هەنگاوێکی گرنگ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دادەنرێ. هەردوو سەرکردە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و دەرفەتەکانی هاوئاهەنگییان تاوتوێ کرد".
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و سەقامگیری ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لەسەر هاوبەشیی ستراتیژیی هەردوو وڵات کراوەتەوە.
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، لە 26ی نیسانەوە عەلی فالح زەیدی، وەک بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە بەپێی دەستوور پێویستە لە 30 رۆژدا کابینەی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان.
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هیوای خواست پرۆسەکە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت.