مەهەپە: کاتێک بارودۆخ گونجا، پەرلەمان هەنگاوی یاسایی بۆ پرۆسەی چارەسەری دەنێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، کاتێک بارودۆخ گونجا، پەرلەمانی تورکیا دێتە نێو باسەکەوەو ئەو هەموارە یاساییانە دەکات، کە بۆ پرۆسەی چارەسەریی پێویستن.
شەوی رابردوو 1ـی ئایاری 2026، سەمیح یاڵچن، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو تێیدا باسی لە پرۆسەی چارەسەریی کرد.
یاڵچن، رایگەیاند ئەم پرۆسەیە لەلایەن چین و توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگەوە پشتیوانی لێدەکرێت و چوارچێوە سیاسییە کۆنەکان رووخاون. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوەی لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە دەستیپێکردبوو، بە خاوەندارێتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بووەتە سیاسەتی دەوڵەت.
سەمیح یاڵچن، پەیامێکی ئاراستەی دەمپارتیش کرد و گوتی: "دەم پارتی؛ کاتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیە کە بۆ بوون بە پارتێکی تورکی و بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سیاسەتی رەوا دراون. پێویستە لایەنی بەرامبەر بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات."
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، پرۆسەکە بۆ هەموو لایەنەکان گرنگە و گوتی: "تورکیایەکی بێ تیرۆر بووەتە ئامانج و پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ هەمووان و هەموو لایەنەکان. بۆیە ئەم کاروانە بەردەوام دەبێت لە رێگەی خۆی. کاتێک بارودۆخ گونجا و گەیشتە ئاستی پێویست، پەرلەمانی تورکیا دێتە نێو باسەکەوە و هەموو هەموارە یاساییە پێویستەکان دەکرێن."
سەمیح یاڵچن، لەلایەکی دیکەوە هەواڵێکی لەبارەی پارتەکەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلانیان هەیە "15یەمین کۆنگرەی ئاسایی مەهەپە" رۆژی یەکشەممە، 7ی ئاداری 2027، ببەستن.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.
تەنانەت موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دەڵێ، پرۆسەی ئاشتی ئێستا "هەڵپەسێردراوە و وەستێنراوە" و گوتی، بەبێ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دابینکردنی گەرەنتی یاسایی، پرۆسەی چەکدانان جێبەجێ ناکرێ.
دوێنێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپەی تورکیا کۆبوونەوە و مژارێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بوو.
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە "پرۆسەی چارەسەری" بووە و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە تاوتوێ کراوە.
ئەردۆغان و باخچەلی هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوتی ئێستای پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو کرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجەی لایەنی دەسەڵاتدار کە "پێویستە پشتڕاست بکرێتەوە رێکخراوەکە بە هەموو بەشەکانییەوە چەکی داناوە."