وەزیری بازرگانیی تورکیا: لە مانگی نیسان بایی 25.4 ملیار دۆلار کاڵامان هەناردە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، هەناردەی مانگی نیسان بەراورد بە هەمان مانگی پار، 22.3% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 25.4 ملیار دۆلار. گوتی: "دووەم بەرزترین ئاستی هەناردەی مانگانەی کاڵا لە مێژووی کۆمارەکەماندا بەدەستهێنرا."
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، عومەر بۆڵات، ئاماری بازرگانیی دەرەکیی مانگی نیسانی راگەیاند. ئەوەشی ئاشکراکرد، لە مانگی نیساندا چەندین ژمارەی پێوانەیی شکێندراون و گوتی: "دووەم بەرزترین ئاستی هەناردەی مانگانەی کاڵا لە مێژووی کۆمارەکەماندا بەدەستهێنرا."
وەزیری بازرگانیی گوتیشی: "لە کانوونی دووەمی 2025دا هەناردەمان 26.3 ملیار دۆلار بوو. مانگی نیسان کەمێک لە خوار ئەو ئاستەوە بوو، مانگێک بوو کە هەناردەکارانمان ئاستێکی زۆر باشیان تۆمارکرد. بەمەش، دووەم بەرزترین ئاستی هەناردەی مانگی نیسان لە مێژوودا تۆمارکرا. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بە نزیکەی 2 ملیار دۆلار هەناردە، چوارەم باشترین رۆژمان لە مێژووی هەناردەدا تۆمارکرد."
راشیگەیاند، بەرزبوونەوەی هەناردەکانیان لە مانگی نیساندا، چ لە رووی رێژە و چ لە رووی بڕەوە بێت، بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوەی هەناردە بوو لە ماوەی 52 مانگی رابردوودا، واتە لە تشرینی دووەمی 2021ـەوە.. تاوەکو مانگی نیسان، هەناردەی 12 مانگی رابردوومان گەیشتە 275.8 ملیار دۆلار و ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی لە هەناردەی کاڵادا شکاند."
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵاکان لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات، گوشاری تێچوون بەهۆی قەیرانی وزە و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی کەنداو کە کاریگەرییان لەسەر نزیکەی 12 وڵاتی دەوروبەر هەبووە، هەناردەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان تاوەکو مانگی نیسان لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 398 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.