بەپێی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی؛ تورکیا پێش ئیندۆنیزیا و سعودیە دەکەوێت


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پێشبینییەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) بۆ ساڵی 2026، تورکیا بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، کە چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 1.64 تریلیۆن دۆلار، دەبێتە پێشەنگ لەنێو وڵاتانی زۆرینە موسڵماندا و پێش ئیندۆنیزیا و سعودیە دەکەوێت.
 
بەپێی نوێترین داتای سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، پێشبینی دەکرێت کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تورکیا (GSYH) بگاتە 1.64 تریلیۆن دۆلار و بەم قەبارە ئابوورییەش، لەنێو وڵاتانی زۆرینە موسڵماندا لە پلەی یەکەمدا دێت.
 
سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، لە راپۆرتی "روانینی ئابووریی جیهان"دا کە لە مانگی نیساندا بڵاویکردەوە، نەخشەی داتاکانی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی خستەڕوو.
 
ئیندۆنیزیا، کە بۆ ماوەیەکی درێژ پێشەنگیی لەم بوارەدا پاراستبوو، بەپێی پێشبینییەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2025 پێشەنگییەکەی بۆ تورکیا لەدەستداوە و پێشبینی دەکرێت کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی ئەمساڵ بگاتە 1.54 تریلیۆن دۆلار.
 
لە ریزبەندیی قەبارەی ئابووریی وڵاتانی زۆرینە موسڵماندا، دوای تورکیا و ئیندۆنیزیا، سعودیە دێت، کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی بگاتە 1.39 تریلیۆن دۆلار.
 
لەم گرووپەدا، تەنیا تورکیا، ئیندۆنیزیا و سعودیە خاوەنی ئابووریی تریلیۆن دۆلارین.
 
شیکاران، ئاماژەیان بەوە کردووە کە فراوانبوونی پیشەسازیی بەرهەمهێنان، بووژانەوەی گەشتیاری، زیادبوونی هەناردە و کاریگەرییەکانی نرخی دۆلار، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو بازدانە پێشبینیکراوەن، لە داتاکانی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تورکیادا.
 
هەروەها کۆبوونەوەی ئەم هۆکارانە وایکردووە، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تورکیا پێش وڵاتانی زۆرینە موسڵمان بکەوێت. سەرەڕای سوودی دانیشتووان و دەوڵەمەندیی سەرچاوە سرووشتییەکان، ئیندۆنیزیا بەهۆی خاوبوونەوەی هەندێک کەرت و ناجێگیریی نرخی کاڵا جیهانییەکانەوە کاریگەر بووە.
 
شیکارانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، جەختیان لەوە کردەوە ئابوورییە گەورەکانی دیکەی ئەم گرووپە زیاتر پشت بە هەناردەکردنی ماددەی خاو و وزە دەبەستن، بەڵام پێکهاتەی ئابووریی فرەچەشنی تورکیا کە پشت بە پیشەسازی و خزمەتگوزاری دەبەستێت، وایکردووە کە رەوتی گەشەکردنی بەردەوام بێت.
 
سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، لە پێشبینییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا رایگەیاندبوو ئابووریی تورکیا لە ساڵی 2026دا بە رێژەی 4.2% گەشە دەکات. بەڵام لە مانگی نیساندا، بەهۆی ئەوەی نرخی بەرزی نەوت و گازی سرووشتی کاریگەریی نەرێنی لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان دەکات، پێشبینیی گەشەی راستەقینەی تورکیای بۆ ساڵی 2026 بۆ 3.4% پێداچوونەوە پێکرد.
 
بەپێی پێشبینییە نوێکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ریزبەندیی قەبارەی ئابووریی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان (بە ملیار دۆلار) بەم شێوەیەیە:
 
تورکیا 1,640 ملیار دۆلار 
ئیندۆنیزیا 1,539 ملیار دۆلار 
سعودیە 1,389 ملیار دۆلار 
ئیمارات 622 ملیار دۆلار 
مالیزیا 516 ملیار دۆلار
بەنگلادیش 511 ملیار دۆلار
میسر 430 ملیار دۆلار
پاکستان 408 ملیار دۆلار
کازاخستان 360 ملیار دۆلار
جەزائیر 317 ملیار دۆلار
ئێران 300 ملیار دۆلار
عێراق 265 ملیار دۆلار
قەتەر 217 ملیار دۆلار
مەغریب 194 ملیار دۆلار
ئۆزبەکستان 182 ملیار دۆلار
کوێت 173 ملیار دۆلار
عومان 117 ملیار دۆلار