هاکان فیدان دەڵێت ئەردۆغان بەردەوام لەگەڵ پووتین و زیلینسکی لە پەیوەندیدایە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئامانجێکی دیکەی گەڕی دووەمی دانووستاندنەکانی ئاشتیی ئیستەنبووڵ لەنێوان رووسیا- ئۆکراینا دانانی ژێرخانی ئاشتییەکی هەمیشەییە و هەوڵەکان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەڵمەتی نوێی گۆڕینی دیلەکان جێبەجێ بکەن.
رۆژی دووشەممە، 2ـی حوەزەیرانی 2025، گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئاشتیی ئیستەنبووڵ لەنێوان رووسیا - ئۆکراینا دەستیپێکرد. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە سەرۆکایەتیی دانوستاندنەکە دەکات، گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەی پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
هاکان فیدان رایگەیاند، خۆشحاڵن دوای دوو هەفتە لە تەواوبوونی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئیستەنبووڵ؛ ئەمڕۆ دووبارە میوانداری گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان دەکەن. گوتی: "دانوستاندنەکان بە ئیرادەی بەهێزی سەرۆکەکانمان بەردەوامە. بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکانی ئاشتی، بەڕێز ئەردۆغان بەردەوام لەگەڵ هەردوو بەڕێزان پووتین و زیلینسکی لە پەیوەندیدایە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی بۆ مۆسکۆ و کیێڤ کرد و رایگەیاند، "بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان، دیدارم لەگەڵ بەڕێزان پووتین و زیلینسکی ئەنجامدا. گفتوگۆی تێروتەسەلمان لە هەموو رەهەندێکەوە کرد."
هاکان فیدان سوپاسی شاندی هەردوو وڵات کرد و ئەنجامی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان بە زۆر ئەرێنی و ناوازە وەسفکرد و جەختیکردەوە هەردوولا هەنگاوی کردەیی زۆر باشیان ناوە کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دوو هەزار دیل گۆڕدانەوە. هەردوولایەن پابەندی خۆیان بە بڕیارەکانی ئامادەکاری بۆ ئاگربەست و پابەندییەکانی دیکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئامادەبوونی هەردوولایەن خواستی هاوبەشیان نیشان دەدات لە گەیشتن بە ئامانجێکی بەرجەستە و گوتی: "ئامانجمان لە دانووستاندنەکانی گەڕی دووەمدا گفتوگۆکردنە لەبارەی مەرج و دەستپێشخەری و پێشنیازەکانی ئاگربەستەکە. هەروەها هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکەی هەڵمەتی نوێی گۆڕینی دیلەکان جێبەجێ بکەین."
هاکان فیدان دەستپێشخەرییەکەی کیێڤی دووبارە کردەوە کاتێک گوتی: "پێمان باشە لەمڕۆوە ئامادەکاری بکەین بۆ ئەنجامدانی دیداری لووتکەی سەرۆکەکان" ئاماژەی بەوەشدا کە لێرەوە ژێرخانی ئاشتییەکی هەمیشەیی خۆش دەکەن و گوتی: "چاوەڕوانییەکانمان لەوەدایە دانووستاندنەکان بەرهەمدار بن بۆ ئەوەی بچینە قۆناخێکی دیکەوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، هاکان فیدان گوتی: "باوەڕ و پشتیوانی ئەمریکا بۆ دانووستاندنەکان بە گرنگ دەزانین. پێداگری بەڕێز ترەمپ بۆ بونیاتنانی ئاشتیی جیهانیی دەرفەتێکی گرنگە بۆ هیواکان. ئامانجی سەرەکیمان بەدەستهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەییە، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسایشی وزە و خۆراک و لۆجیستی نێودەوڵەتیی ئارام بمێنێتەوە. بۆ ئەمەش تورکیا ئامادەیە لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا هەموو کارئاسانییەک بکات."
لە کۆتاییدا رایگەیاند، متمانەی زۆری هەردوو وڵاتی دراوسێ بە تورکیا مایەی شانازییە. ئەم دانووستاندنە بۆ داهاتووی تەواوی ناوچەکە چارەنوسسازە و گوتی: "باوەڕمان وایە دانووستاندنێکی زۆر بەرهەمدار دەکەن بۆ ئەوەی بگەینە ئاشتییەکی هەمیشەیی."
هاکان فیدان لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست و هەوڵەکان بۆ ئاشتیی هەمیشەیی لەنێوان رووسیا-ئۆکراینا، رۆژی 29ـی ئایار سەردانی رووسیای کرد. لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین و سێرگی لاڤرۆڤ کۆبووەوە. رۆژی دواتر 30ـی ئایار لە کیێڤ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیز زیلینسکی و روستەم عومەرۆڤ کۆبووەوە.
هاکان فیدان لە کیێڤەوە پێشنیازی کرد ئەردۆغان، پووتین، ترەمپ و زیلینسکی لە ئیستەنبووڵ کۆببنەوە.
15 و 16ـی ئایاری 2025، یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی ئاشتیی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ ئەنجامدرا. لەسەر ئاڵۆگۆڕکردنی 1000 دیلی جەنگ رێککەوتن؛ هەردوولا تاوتوێی ئەگەری ئاگربەست و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان سەرۆکەکانی هەردوولایشیان کرد.