دەم پارتی: پێویستە لە پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پەلە بکرێ
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پرۆسەی چارەسەری و پێکهێنانی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بەو بابەتە بووە. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش دەڵێت، ئامادەکاری بۆ میکانیزمی کارکردنی لیژنەکە دەکەن.
کاژێر 10:30ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا کرد.
کورتولموش بۆ 40 خولەک لەگەڵ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و گوڵستان کۆچئیگیت و سەزایی تەمەللی، بریکارانی هاوسەرۆکانی دەم پارتی کۆبووەوە.
دواتر، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری بۆ میدیاکان دوا و رایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان گفتوگۆمان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئەرکی پەرلەمان کرد. هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەرکی پەرلەمان لە قۆناخی نوێ لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم پرۆسەیە و بونیاتنانی ئاشتییەکی گشتگیر و رۆڵی پەرلەمان لە بە دیموکراسیکردنی تورکیا کرد".
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "هیوادارین لەو پرۆسەیەی لە بەردەمماندایە وەک بەڕێز باخچەلی ئاماژەی پێکرد، پەرلەمان هەوڵەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک چڕبکاتەوە و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دەست بە کارەکان بکرێت".
دواتر نوعمان کورتولموش رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدار بوو، بەتایبەتی بۆ پرۆسەی رزگاربوونی تورکیا لە تیرۆر و بەهێزکردنی برایەتی، تەبایی و یەکڕیزیی نیشتمانی؛ هەروەها بەرزکردنەوەی دیموکراسییەتی تورکیا لە سەرووی ئەو ستاندەردەی هەیە، خرایە بەرباس".
کورتولموش گوتی: "بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ کرد لەبارەی ئەرک و رۆڵی پەرلەمان لە قۆناخی داهاتوودا. سوپاس بۆ خودا دوای پەیامی ئیمرالی و وەڵامی ئەرێنی رێکخراو (پەکەکە) بۆ دانانی چەک خۆهەڵوەشاندنەوەی، ئیدی گەیشتینە ئەو خاڵەی ئەم بابەتە گرنگە لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە بکەین. پەرلەمان ناوەندی سیاسەت، چەقی بڕیار، ویست و رەوایەتی میللـەتە".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "پێمان وایە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە شێوازێکی بونیاتنەرانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پرسە بکەن تاوەکو کۆتایی بە قۆناخێک دێت و قۆناخێکی نوێ دەست پێدەکات. هیوادارم لە رۆژانی داهاتوودا ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێکدەهێندرێت کارێکی بەرهەمدار بکات."
کورتولموش گوتی، ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی لیژنەکە و میکانیزمی کارکردنی دەکەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "سەردانەکانمان بۆ فراکسیۆنەکانی دیکەش بەردەوام دەبن، گفتوگۆ لەبارەی هەمان پرس و بابەت دەکەین. هیوادارم ئەم قۆناخە نوێیە بۆ تەواوی تورکیا ببێتە مایەی خێر."
لە رۆژی 28ـی ئایاری 2025ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرسەکانی داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ، پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی چارەسەری و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.