چوار کارمەندەکەی گۆڤارەکەی تورکیا خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو چوار کارمەندەی گۆڤاری لەمان کە بە تۆمەتی ''سووکایەتیکردن'' بە پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) دەستگیر کرابوون، خرانە زیندانەوە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دوێنێ سێشەممە، بە تۆمەتی ''سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە بەها ئاینییەکان'' دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد، دواتر هەریەک لە عەلی یاڤوز، خاوەنی ئیمتیاز؛ زافەر ئاکنار، سەرنووسەر، جبرائیل ئۆکچو، گرافیست و دۆغان پەهلیڤان، کاریکاتێریستی گۆڤارەکە دەستگیرکران.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە، دووی تەممووزی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، چوار کارمەندەکەی گۆڤاری لەمان رەوانەی دادگەی ئیستەنبووڵ کران و دواتریش بە بڕیاری دادگە زیندانیکران.
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ دوو کەسی دیکەش کە ئێستا لە دەرەوەی تورکیان دەرچووە.
گۆڤاری لەمان، رۆژی 26 ـی حوزەیرانی 2025 وەشانێکی بڵاوکردەوە و یەکێک لە بابەتەکان کێشانی کاریکاتێرێک بوو کە تێیدا دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد و مووسا لە ژێر بۆردوومانی مووشەکیدان و گفتوگۆ دەکەن.
وەک لە گۆڤارەکەدا هاتووە، یەکێکیان دەڵێت: ''سەلام و عەلەیکوم، من محەممەدم''؛ کەسەکەی دیکەش دەڵێت: ''عەلەیکوم سەلام؛ منیش مووسا''.
شەوی دووشەممە، 30ی حوزەیران، ژمارەیەک کەس کە پێیانوابوو، کاریکاتێرەکە بە مەبەستی "سووکایەتیکردن بە پەیامبەر محەممەد (د.خ)" کێشراوە، لە بەردەم ناوەندی گۆڤاری لەمان لە ئیستەنبووڵ گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.
دوای ناڕەزایەتییەکان، گۆڤارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''ئەم کاریکاتێرە هی حەزرەتی محەممەد (دروودی خوای لەسەر بێت) نییە. ئەوەی لە کاریکاتێرەکەدا باس کراوە، موسڵمانێکە بە ناوی محەممەد کە لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراوە''.
گۆڤارەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کاریکاتێرەکەیان ''بەلاڕێدابراوە''، راشیگەیاند: "داوای لێبووردنی لە خوێنەرە نیازپاکەکانمان دەکەین کە بەهۆی ئەو چەواشەکارییانەوە هەستیان بریندار بووە''.
بەڵام لەو نووسراوەی، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ ئەمڕۆ چوارشەممە ئاراستەی دادگەکەی کردووە، نووسیویەتی: ''ئامانج لە کاریکاتێرەکە، هاندانی خەڵک بووە بۆ رق و دووژمنایەتی. پەیامی کاریکاتێرەکەش ئەوەیە بڵێت؛ حەزرەتی مووسا و حەزرەتی محەممەد لە بۆردوومانی مووشەکیی شارەکەدا بەرپرسیارن''.
لەمان گۆڤارێکی تەنزئامێزە و هەفتانە بڵاودەبێتەوە، ساڵی 1991 دامەزراوە و ناوەندەکەشی لە ئیستەنبووڵە. لەمان یەکەمین ژمارەی خۆی لە 21ی تشرینی دووەمی 1991 بڵاوکردەوە.