دەم پارتی هاوسەرۆکی شارەوانییەکی لەکار لادا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەکارلادانی هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سلۆپی راگەیاند، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونی بە پرەنسیبەکانی کاری پارتەکە.
دووی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی سەر بە دەم پارتی کە لایەنی بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی کاری هاوسەرۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی سەر بەو پارتە، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی کاری هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سلۆپی لە شرنەخی باکووری کوردستان کرد.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، سکاڵایەکی زۆری هاونیشتمانییان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکەیان بەدەست گەیشتبوو کە ژیان ئۆرمانلی، هاوسەرۆکی شارەوانییەکە پابەندی بنەماکانی کارکردن و خزمەتکردنی خەڵک نابێ، هەروەها پێشێلی بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری دەکات کە دەم پارتی لە کارنامەی گشتیدا بۆ شارەوانییەکان دایڕشتووە. هاوکات رێز لە هاوسەرۆکی شارەوانییەکەش ناگرێت و بەتەنیا بڕیار دەدات بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوسەرۆکەکەی.
هەربۆیە ئەنجوومەنی حکومەتە شارەوانییەکانی دەم پارتی بە کۆی دەنگ بڕیاری لەکارلادانیان بۆ ژیان ئۆرمانلی دەرکرد. هاوکات دەستەی دیسپلینی پارتەکەش لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئۆرمانلی دەکات..
ئەنجوومەنی شارەوانیی شارۆچکەی سلۆپی لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا کە بڕیارە لە 7ـی تەممووزی ئەم ساڵ بکرێت، بە کۆی دەنگ هاوسەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێ.
رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2025، هەمان ئەنجوومەن سۆنگول دوزگون، هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کاراکۆچان لە خارپێتی باکووری کوردستان بەهۆی پابەندنەبوون بە کارنامەی دەم پارتی بۆ شارەوانییەکان، لە کارەکەی دوورخرایەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024دا دەم پارتی دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگی بەدەستهێنا و 75 شارەوانی بردەوە؛ 3 گەورەشارەوانی، 7 شارەوانیی پارێزگا و 65 شارەوانیی شارۆچکەکان.