بەشی زۆری لایەنە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

چەکدانانی سیمبوولییانەی 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، پێکهێنانی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بەدوادا هات.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە، کە دژی پرۆسەی چارەسەریی 2013 - 2015 بوو، 1ی تشرینی یەکەمی پار، دەستپێشخەریی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئەمجارە کرد.
 
پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا - ئاکپارتی، کە لە 2002 دەسەڵاتی لە تورکیا گرتەدەست و لە 2018دا هاوپەیمانیی جمهووری لەگەڵ مەهەپەدا پێکهێنا، بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، پرسی کوردی لە وڵاتەکەی چارەسەر کردووە و ئەم پرۆسەی چارەسەرییە تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پەکەکەیە.
 
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: خەونی گەلەکەمانە
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە رژدن لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە بە گوتەی خۆی، نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار زیانی ئابووریی بە وڵاتەکەی گەیاندووە.
 
ئەردۆغان، 28ی مانگی رابردوو لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە، پرۆسەی چارەسەری بە "خەونی گەلەکەی" ناوبرد و گوتی، "ئەم خەونە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە راستی. با هیچ کەسێک لەمە دوودڵ نەبێ. ئەو رێگەیەی گرتوومانەتە بەر لەڕووی دیموکراسی و ئابوورییەوە دەمانگەیەنێتە تورکیایەکی بەهێز. لە کۆتایی رێگەکەدا برایەتی، ئاشتی و هاوپشتی هەیە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 2ی تەممووزیش لە گوتارێکیدا لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "زۆر کەم ماوە بگەین بەو تورکیا گەورە و بەهێزەی کە گەلەکەمان بۆی بە پەرۆشە."
 
جەهەپە: دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) کە هاوکات گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەشە، لەوەتەی پرۆسەی چارەسەری دەستی پێکردووە، پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دووپاتکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کاری بۆ بکرێت.
 
سەرۆکی جەهەپە لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان، ئاماژە بەوە دەکات، "ساڵانێکە دەڵێین، ئەگەر بڕیارە پرسی کورد چارەسەر بکرێت، با لە پەرلەمان و لە چوارچێوەی دیموکراسیدا چارەسەر بکرێت."
 
ئۆزەل باس لەوە دەکات، لیژنەکە رۆڵێکی "گرنگی" لە کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای وڵاتەکەی دەبێت؛ دەشڵێت، "بیانووی تیرۆر ناهێڵێت، بەم شێوەیە تۆمەتی تیرۆر بۆ هیچ کەسێک هەڵنابەستن و نایخەنە زیندان."
 
ئەو قسەیەی ئۆزەل لە کاتێکدایە، لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2024ی تورکیا، ژمارەیەک سەرۆکشارەوانیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆمەتی "بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ ئەو پارتە" خراونەتە زیندانەوە و قەییوم لە شوێنیان دانراوە.
 
پەکەکە: وازمان لە تێڕوانینی "رووخاندنی دەوڵەتی تورکیا" هێناوە
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەکە، 11ی تەممووزی ئەم ساڵ لە رێوڕەسمێکدا بە شێوەیەکی سیمبوولی 30 لە گەریلاکانیان چەکەکانیان دانا. ئەم هەنگاوە سیمبوولییەش پرۆسەکەی بردە قۆناخێکی نوێوە.
 
خەبات ئاندۆک، ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، "ئێمە گۆڕاوین. پەکەکە کە رێکخراوێکی 52 ساڵەی خەباتمان بوو، هەڵوەشێندرایەوە. شێوازی خەباتی چەکداریمان کۆتایی پێهێنا. ئێستا خەمی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە، تورکیا چۆن ببێتە دەوڵەتی یاسا، هەموو خەباتمان بۆ ئەوەیە."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ئەوان وازیان لە تێڕوانینی "رووخاندنی دەوڵەتی تورکیا" هێناوە و ئێستا هەموو هەوڵێکیان بۆ بەدیموکراسیبوونی ئەو وڵاتەیە.
 
لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی "برایەتیی کورد و تورک" لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ئاندۆک دەڵێت، "لە هزری تورکیادا شتێک نییە بەناوی کورد، تاوەکو دەوڵەت باس لە برایەتیی ئەو نەتەوەیە بکات. تۆ سەرەتا دان بە بوونیدا بنێت."
 
دەم پارتی: بە تەنیا چەکدانانی پەکەکە، پرسی کورد چارەسەر ناکات
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، کە ئەویش کارەکتەرێکی سەرەکیی پرۆسەکەیە، بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەیە کە پرۆسەکە لە تەنیا لە چوارچێوەی چەکدانانی پەکەکە سنووردار بکرێت و دەڵێت، ئەمە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە تورکیا و باکووری کوردستان.
 
مەحفوز گولەریوز، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی هەینی 1ی ئابی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "پرسی کورد، پرسێکی ریشەیی 100 ساڵەی ئەم وڵاتەیە. ئەم پرسە لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە دروستنەبووە، بەڵکو لە دامەزراندنی کۆمارەوە دروستبووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ کێشەی سەرەکیی هەموو سەردەمەکان بووە."
 
یاریدەدەرەکەی هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەبارەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری گوتی، "نابێت تەنیا کار لەسەر چەکدانانی پەکەکە بکات. پرسی کورد تەنیا بە چەکدانان چارەسەر ناکرێت."
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی شەوی هەینی، 2ی تەممووزی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، "تورکیا بەهۆی بوونی پرسی کوردەوە، تووشی قەیران و شکستێکی گەورەی دیموکراسی بووە. بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووییە و واڵاکردنی رێگەی سیاسەت و کۆمەڵگەی دیموکراسی، پێویستمان بە خەباتێکی بەهێز و هاوبەش هەیە."
 
دەمیرتاش: جگە لە چەکدانان، رێگەیەکی دیکە بۆ ئاشتی نییە
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێ نۆ ساڵە لە گرووخانەی ئەدیرنەیە، لە دوایین پەیامیدا کە لەڕێگەی عومەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی ناردوویەتی، دەڵێت، "زۆر بەهێزم و لێوانلێوم لە هیوای ئاشتی. پێویستە چەکەکان دابنرێن. جگە لەوە، رێگەیەکی دیکە بۆ گەیشتن بە ئاشتی نییە. دەبێت هەنگاوێکی بنەڕەتی بنرێت و بە هەر شێوەیەک بێت رێگەی ئاشتی واڵا بکرێت."
 
وەک دەمیرتاش لە پەیامەکەدا ئاماژەی پێکردووە، بۆی گرنگ نییە لە گرتووخانە دەردەچێت یاخود نا، بەڵکو "گرنگ ئەوەیە ئاشتی بەدیبێت و کۆمەڵگەیەکی نیازپاک دروست ببێت کە داوای دادپەروەری و ئازادی بۆ هەمووان بکات و  چیدیکە ئەو کێشانە دروست نەبنەوە."
 
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە پەیامەکەیدا هەروەها جەختی لە گرنگیی بەیەکەوەژیانی کورد و تورک کردووەتەوە.