فیدراسیۆنێک: لە ساڵی 2025دا 391 ژن لەلایەن پیاوانەوە لە تورکیا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی تورکیا دەڵێ، لە ساڵی 2025دا لانیکەم 391 ژن لەلایەن پیاوانەوە لەو وڵاتە کوژراون. زۆرینەی ژنەکان لە ماڵەکانی خۆیان و لەلایەن کەسانی نزیکیانەوە کوژراون.
فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بەناونیشانی (راپۆرتی کوشتنی ژنان بۆ ساڵی 2025) دەڵێ، لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2025، لانیکەم 391 ژن لەلایەن پیاوانەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون.
ئەو شارانەی زۆرترین رووداوی کوشتنیان تێدا تۆمارکراوە بریتین لە ئیستەنبووڵ کە 54 ژن، ئامەد 21 ژن، ئیزمیر 20 ژن، ئەنتاڵیا 19 ژن، ئەنقەرە 16 ژن و ئادانا 14 ژن کوژراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، "59 ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی لێیان جیابوونەتەوە یان لە قۆناخی جیابوونەوەدا بوون، 30 ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی ویستوویانە لێیان جیاببنەوە یان داواکارییان رەتکرابووەوە، 34 ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی لەگەڵیان ژیاون، 21 ژن لەلایەن پیاوی ناسراویان، 8 ژن لەلایەن ئەو پیاوانەی پەیوەندییان لەگەڵ ژنی خێزانەکەیان هەبووە، کوژراون؛" ئاماژە بەوەش کراوە کە لە حەوت رووداودا بکوژ نەزانراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 203 ژن بە چەک، 78 ژن بە چەقۆ و تەنی دیکەی بڕەر، 19 ژن بە خنکاندن، 10 ژن بە لێدان کوژراون؛ هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە 13 ژن لە بەرزییەوە فڕێدراونەتە خوارەوە و 9 ژنیش بە هەڵواسراوی دۆزراونەتەوە؛ شێوازی کوشتنی 59 ژنیش نەزانراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 253 ژن لە ماڵی خۆیان، 69 ژن لە شوێنە گشتییەکان، 25 ژن لەنێو دارستان، 14 ژن لە شوێنی کار، 10 ژن لە کەنار دەریا یان گۆم کوژراون. شوێنی کوشتنی 20 ژنیش نەزانراوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو فیدراسیۆنە، لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2024دا 324، لە ساڵی 2023دا 315 ژن، لە ساڵی 2022دا 398 ژن، لە ساڵی 2021دا 367 ژن و لە ساڵی 2020یشدا 300 ژن کوژراون.