فیدان لەگەڵ هاوتا ئێرانی و میسرییەکەی هەوڵەکانی راگرتنی جەنگ تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئێرانی و میسرییەکەی کردووە. پێشهاتەکانی جەنگ و هەوڵەکانی راگرتنیان لەخۆگرتووە.
شەوی رابردوو 3ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری فەرمیی تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەک لە عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی و بەدر عەبدولعاتی، هاوتا میسرییەکەی ئەنجامداوە.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، هاکان فیدان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی بەردەوامی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا زانیاری زیاتری لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هاکان فیدان لەگەڵ عەباس عێراقچی و بەدر عەبدولعاتی، بڵاونەکردووەتەوە.
لە 28ی شوباتی رابردووەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە کە هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. لە بەرامبەردا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.
ئێران وەک خۆی دەڵێت "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە وڵاتانی عەرەبی دەکاتە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوون و زیانی بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە. ئەمەش لەلایەن ئەو وڵاتانەی کراونەتە ئامانج، سەرکۆنە کراوە.