بوومەلەرزەیەکی بەهێز رۆژئاوای تورکیای هەژاند؛ کەسێک گیانی لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
عەلی یارلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا کەسێک لە پارێزگای مارماریسی سەر دەریای نێوەڕاست لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە گیانی لەدەستداوە.
وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی گیانی لەدەستداوە، کچێکی تەمەن 14 ساڵانی شارۆچکەی فاتحیەیە و هۆکاری مردنەکەی بۆ "ترسان" گەڕاندەوە.
یارلیکایا هەروەها دەڵێت 69 کەس بریندار بوون.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاوی تورکیا (ئافاد) پێشتر رایگەیاندبوو کە بوومەلەرزەکە بە گوڕی 5.8 پلەی رێختەر بووە.
بە گوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە کاژێر 2:17 خوولەکی بەیانی ئەمڕۆ لە دەریای نێوەڕاستی داوە و لە ناوچەکانی دەوروبەریش هەستی پێکراوە، لەوانەش لە دوورگەی رۆدز لە یۆنان چەندین خەڵکی لە خەو راچڵەکاند.
ئیدریس ئاکبکیک، پارێزگاری مارماریس بە میدیای تورکیای راگەیاند، حەوت کەس بەهۆی خۆ هەڵدان لە پەنجەرە و بالکۆنەکانەوە بریندار بوون.
تورکیا دەکەوێتە سەر هێڵی گەورەی پێکداخشانی چینەکانی زەوی و بووملەرزەی تێدا باوە.
ساڵی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 53 هەزار کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان و زیانی بە سەدان هەزار خانوو و باڵەخانەی 11 پارێزگە گەیاند. شەش هەزار کەسی دیکەش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا.