نوعمان کورتولمووش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: کار بۆ سەرخستنی دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، بە پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی، کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، "پشتیوان بە خودا، تورکیایەکی پڕ لە ئاشتی و دادپەروەری بۆ نەوەی دوای خۆمان جێدەهێڵین."
 
نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 دوای ئەوەی بۆ دووەمین جار بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرایەوە، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "پشتیوان بە خودا لە ماوەی دووەمی خولی 28ـەمینی پەرلەماندا کاری باشتر دەکەین."
 
کورتولمووش بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە پرۆسەی چارەسەری و گوتی، هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە سەرخستنی پرۆسەکە دەکەن. باسی لەوەش کرد، "بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو پارتە سیاسییەکانە لەژێر ئەم بنمیچەدا (پەرلەمان) بابەتەکان بخەینە بەرباس و چارەیان بۆ بدۆزینەوە."
 
لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پرۆسەی چارەسەری، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "هیوادارین لە رێگەی ئەو لیژنەیەی کە لێرە(لە پەرلەمان) پێکهدەهێندرێت، بەشێوەیەکی شەفاف و دیموکراسییانە وەڵامی چاوەڕوانییەکانی گەل بدەینەوە و تیرۆر بۆ هەمیشە لە رۆژەڤی تورکیا بسڕدرێتەوە."
 
کورتولمووش ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیشت، "پشتیوان بە خودا تورکیایەکی پڕ لە ئاشتی و دادپەروەری بۆ نەوەی دوای خۆمان جێدەهێڵین."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆڵی کۆچکردوو، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری پێشووی پەرلەمانی تورکیای لە پرۆسەی چارەسەری "بەرز نرخاند" و گوتی، "بە رێزەوە یادی سری سورەییای هاوڕێمان دەکەینەوە؛ هەوڵەکانی ئەو لە یاد ناکەین."
 
کورتولمووش بەشێکی دیکەی قسەکانی سەبارەت بە گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەی بوو و گوتی، "لە دووەمین سەت ساڵەی تورکیادا ئەرکێکی دیکەی ئێمە لە بەرامبەر گەلەکەمان، دەستوورێکی نوێ، سڤیل، گشتگیر و دیموکراسییە."
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
 
ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.