هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە بەرپرسانی تورکیا سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، سەردانیکردنی بەرپرسانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان رۆڵی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو هەنگاوە، تورکیا دەکات بە نموونەی ئاشتی لە ناوچەکە."
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی سێشەممە، 3ی حوزەیرانی 2025 لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی رایگەیاند، دەبێت حکومەتی تورکیا لە رێگەی هەنگاوی کردەییەوە، گومان و دوودڵییەکانی خەڵک لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بڕەوێنێتەوە.
 
لەبارەی گۆڕینی دەستووری تورکیا هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر باس لە  دەستوورێکی نوێ دەکەین، بە مانای وشە دەبێت نوێ بێت."
 
ئەو گوتەیەی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەکاتێکدایە، ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی لەگەڵ گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ، 10 یاساناسی وڵاتەکەی خستووەتە سەر ئەرک؛ داوای لە پارتە سیاسییەکانی دیکەش دەکات، پاڵپشتی لەو هەوڵە بکەن.
 
دەستووری ئێستای تورکیا لە ساڵی 1982 دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلوولی 1980 هەموارکراوەتەوە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی پێیوایە، سەردانیکردنی بەرپرسانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ، رۆڵی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەبێت؛ دەشڵێت، "ئەو هەنگاوە تورکیا دەکات بە نموونەی ئاشتی لە ناوچەکە."
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
 
ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.