سەرۆکی نوێی پەرلەمانی تورکیا هەڵدەبژێردرێت؛ دەم پارتی بەربژێری هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی حوزەیرانی 2025 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت و پێنج پەرلەمانتار خۆیان بەربژێر کردووە.
بەهۆی ئەوەی ماوەی دەسەڵاتی نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە 7ی حوزەیران کۆتایی دێت، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی ماوەی دووەمی 28ـەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی یاسا، پەرلەمانی تورکیا لە یەک خولی یاساداناندا دوو هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات. ماوەی پۆستی سەرۆکی هەڵبژێردراوی یەکەم دوو ساڵە و ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی دووەم تاوەکو کۆتایی ئەو ماوەیەی یاسادانان بەردەوام دەبێت.
بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، پێنج پەرلەمانتار خۆیان بەربژێر کردووە:
- بەربژێری ئاکپارتی، مەهەپە و هوداپار: نوعمان کورتوڵمووش، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی تورکیا
- بەربژێری دەم پارتی: جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئامەد
- بەربژێری جەهەپە: ئوغور بایراکتوتان، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئارتڤین
- بەربژێری ئیی پارتی: مستەفا جیهان پاچاجی، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئیستەنبووڵ
- بەربژێری پارتی رێگەی نوێ: محەممەد کارامان، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی سامسون
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی 400 پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێت. ئەگەر هیچ کام لە بەربژێرەکان 400 دەنگیان بەدەستنەهێنا، گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ کۆکردنەوەی 365 دەنگ بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر ئەم دەنگانەش لەلایەن بەربژێرەکانەوە کۆنەکرایەوە، پرۆسەکە بۆ دەچێتە گەڕی سێیەم، هەر کام لە بەربژێرەکان 301 دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
ئەگەر لە گەڕی سێیەمیشدا یەکلایی نەکرایەوە، لە گەڕی چوارەمدا کێبڕکێ لەنێوان دوو بەربژێر دەکرێت و کامەیان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023 بە ئامادەبوونی 582 پەرلەمانتاری سەرجەم فراکسیۆنەکان، پرۆسەی دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و نوعمان کورتوڵمووش بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.