باکووری کوردستان لە 8 مانگدا 7.7 ملیار دۆلار هەناردەی هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAİB) کە (9 پارێزگای باکووری کوردستان دەگرێتەوە) رایگەیاند، لە 8 مانگی ئەم ساڵدا، بە بەهای 7.7 ملیار دۆلار هەناردەیان هەبووە. هەناردەی مانگی ئاب بەراورد بە هەمان مانگی پار، 3.8٪ کەمیکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، ئەحمەد فیکرەت کیلەچی، سەرۆکی GAİB، رایگەیاند: "لە ماوەی 8 مانگدا، هەناردەمان 2.6٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 7.7 ملیار دۆلار، بەڵام لە مانگی ئابدا داکشان لە هەناردەمان هەبووە."
کیلەچی ئاماژەی بەوەدا، ئاستی هەناردەی دیلۆک لە 8 مانگی ئەم ساڵدا، 0.6٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 6.5 ملیار دۆلار، بەڵام لە ئاستەکەیان رازی نین و دەشڵێن، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت نەپێکاوە. گوتیشی: "ئابووریی تورکیا لە چارەکی دووەمدا بەرێژەی 4.8٪ گەشەی کردووە، بەڵام کەمبوونەوەی هەناردەی خاوێن کە کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشە هەبووە، جێگەی سەرنجە. بەشداری ئەرێنی هەناردە لە گەشەی ئابووریدا، بۆ ئابووریی تورکیا و پیشەسازانی تورکیا زۆر گرنگە."
کیلەچی باسی لەوەشکرد، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رێژەی 39٪ لە پێشەوەی وڵاتانی هاوردەکارن.
ئەوەشی خستەڕوو کە "وڵاتانی ئەفریقا بە رێژەی 16.6٪ لە پلەی دووەمن و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە رێژەی 16.3٪ لە پلەی سێیەمدان. هەناردە بۆ 197 وڵات ئەنجامدراوە، لەوانەش عێراق، ئەمریکا، سووریا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، سعودیە، لیبیا، ئێران و جیبۆتی لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین هەناردەیان بۆ کراوە."
سەرۆکی یەکێتییەکە راشیگەیاند، بەرهەمەکانی وەک فەرش، بەرهەمە شیرینییەکان، پلاستیک، بەرهەمەکانی قوماش و داو، زەیتە رووەکییەکان، بەرهەمەکانی ئاش، بەرهەمەکانی دار و دارستان، خۆراکی ئامادەکراوی دیکە، سابوون و پاککەرەوەکان، زۆرترین بەرهەمی هەناردەکراو بوون لە ناوچەکەدا."
یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAİB) ساڵی 1984 دامەزراوە و بەشێکە لە یەکێتیی هەناردەکارانی تورکیا. ناوەندەکەی دیلۆکی باکووری کوردستانە و هەریەک لە پارێزگاکانی مەرەش، مێردین، مەلەتێ، ئامەد، رووداو، سەمسوور، کلیس، شرنەخ لەخۆ دەگرێت.