ئەردۆغان لەبارەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی: وەزارەتی دەرەوەمان داوای روونکردنەوەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و گوتەبێژی ئاک پارتی داوای روونکردنەوەیان لەبارەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ئەمڕۆ چوارشەممە لەبارەی راگەیێندراوەکەی دوێنێی بارەگای بارزانی گوتی: "بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی هاوپەیمانمان کرایە ئامانج. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە هەرگیز پەسندی ناکەین و بە قبووڵنەکراوی دەزانین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "گوتەبێژی پارتەکەمان و وەزارەتی دەرەوەمان بە روونی نیگەرانیی خۆیان لەبارەی بابەتەکە دەربڕیوە، هەنگاوەی دیپلۆماسیی پێویست نراوە و داوای روونکردنەوە کراوە".
رۆژی شەممە 29-11-2025، سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ بەڕێوەچوو.
خەڵکی جزیر و باکووری کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لە سەرۆک بارزانی کرد و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە سروود و گۆرانیی کوردانە بڵاوکرانەوە.
ئەم دیمەنانە و گرتەی ڤیدیۆیی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و ئاڵای کوردستان کە لەسەر قۆڵیان بوو، کاردانەوەی بەشێکی تورکە نەتەوەپەرستەکانی لێکەوتەوە.
یەکێک لە کاردانەوەکان لە لایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە بوو، کە چوونی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بە "رەزالەت" ناوبرد.
رۆژی سێشەممە بارەگای بارزانی وەڵامی باخچەلی دایەوە و گوتەبێژی بارەگاکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو رێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی رێککەوتنێکی پرۆتۆکۆلی بووە لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێمی کوردستان، یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک رووینەداوە".
بارەگای بارزانی دەڵێت: "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە واماندەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت داوە و وازی لە رەگەزپەرستی و شۆڤینی هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".