ژووری بازرگانیی جزیرێ وەڵامی مشتومڕەکان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شرنەخ دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی جزیرێ لەبارەی ئەو مشتومڕانەی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ شرنەخ دروست بوون، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی لەگەڵ تورکیا و هەروەها پێگەی سیاسیی سەرۆک بارزانی کردەوە و رایگەیاند، ئەوەی مشتومڕەکەی دروستکردووە، "بوونی ئاڵای کوردستانە لەسەر شانی پاسەوانەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی".
لە راگەیێندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی 117 و مادەکانی دواتری دەستووری عێراقی فیدراڵ، قەوارەیەکی هەرێمی فەرمییە کە پێگە، دامەزراوە و ئاڵاکەی بە دەستوور پارێزراون. ئەم پێگەیە چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە، بۆیە مشتومڕی 'نازناوی فەرمی' بە تەواوی لە راستییەوە دوورە."
ژوورەکە ئاماژەی بە پێگەی سەرۆک مەسعود بارزانی داوە و رایگەیاندووە: "بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) لەسەر ئاستی عێراق لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی دواییدا، شەرعیەتی سەرۆک بارزانی بەبێ مشتومڕ پشتڕاست دەکاتەوە. بە ئاماژەدان بە نەریتە نێودەوڵەتییەکان."
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی جزیرێ هەروەها دەڵێت: "سەرکردەی زۆر لە وڵاتان، لەنێویاندا تورکیا، کە سەردانی هەولێریان کردووە، سەرۆک بارزانییان وەک سەرکردەی دیفاکتۆ قبووڵ کردووە و سەرەتا سەردانی ئەویان کردووە."
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی جزیرێ، سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان چ لە بواری بازرگانی و چ لە بواری ئەمنیدا خاوەن گرنگییەکی ستراتیژین و بیری هێنایەوە کە رۆژانە نزیکەی 4 هەزار بارهەڵگری بازرگانی رێگەی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن و قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق گەیشتووەتە 30 ملیار دۆلار.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەگەر ژینگەی ئارامی هەرێمی کوردستان نەبووایە، ئەمڕۆ 5٪ی ئەم بازرگانییەش ئەستەم بوو."
ژوورەکە ئاماژەی بە هاوکاریی سەربازیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە و دەڵێت، "ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە، هێزەکانی سەر بە سوپای تورکیا بە چەکی جۆراوجۆرەوە، لەنێویاندا تانک و زرێپۆش، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا چالاکی دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە "نیشتمانی لێبووردەیی" بووە و لە پەرلەمانی هەرێمدا دەتوانرێت بە هەموو زمانەکان، بە زمانی تورکیشەوە، قسە بکرێت و پشتگوێ ناخرێن. هەروەها وەزیرێکی تورکمان لە حکومەتدا پۆستی هەیە و ئەم وەزیرە بەردەوام بە سیمبولەکانی ئاڵای تورکمان چالاکییەکانی دەکات.
ژووری بازرگانیی جزیرێ، لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاندووە، "کاردانەوەکان بەرامبەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ راستیی سیاسیدا ناگونجێن" و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و سەقامگیری دامەزراون."
رۆژی شەممە 29-11-2025، سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ بەڕێوەچوو.
خەڵکی جزیر و باکووری کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لە سەرۆک بارزانی کرد و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە سروود و گۆرانیی کوردانە بڵاوکرانەوە.
ئەم دیمەنانە و گرتەی ڤیدیۆیی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و ئاڵای کوردستان کە لەسەر قۆڵیان بوو، کاردانەوەی بەشێکی تورکە نەتەوەپەرستەکانی لێکەوتەوە.
یەکێک لە کاردانەوەکان لە لایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە بوو، کە چوونی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بە 'رەزالەت' ناوبرد.
ژووری بازرگانیی جزیرێ دەڵێت: "گرفتەکە چەک نییە، بەڵکو ئاڵای هەرێمی کوردستانە، ئەو مشتومڕەی لەبارەی سەردانەکەی بارزانی بۆ جزیرێ دروست بووە، بە نیازپاکی لێک نادرێتەوە و کاردانەوەکان دژی تیمی پاسەوانە چەکدارەکان نەبووە، بەڵکو دژی ئاڵای هەرێمی کوردستان بووە لەسەر شانیان."
ژوورەکە پێیوایە: "ئەگەر ئاڵای هەرێمی کوردستان لەسەر شانی پاسەوانەکان نەبووایە، نەک تەنیا چەکی قورس، بەڵکو ئەگەر مووشەکیشیان هەڵگرتبا، کەس کێشەی لەگەڵی نەدەبوو. ئەم مامەڵەیە بەرامبەر بە سەرکردەی یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی تورکیا، نە لەگەڵ ژیریی دەوڵەت، نە لەگەڵ راستییەکانی ناوچەکە و نە لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانماندا ناگونجێت."
رۆژی سێشەممە بارەگای بارزانی وەڵامی باخچەلی دایەوە و گوتەبێژی بارەگاکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو رێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی رێککەوتنێکی پرۆتۆکۆلی بووە لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێمی کوردستان، یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک رووینەداوە".