بەرپرسێکی باڵای مەهەپە: بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش جێبەجێ بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش جێبەجێ بکرێن.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە کە هاوکات ئەندامی "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"ـیە و بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دامەزراوە، بەر لە کۆبوونەوەی لیژنەکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
لەبارەی دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، بەرپرسە باڵاکەی مەهەپە جەختیکردەوە کە دەسەڵاتی بڕیاردان لە دەست دادگەکاندایە، بەڵام پێویستە تورکیا پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بێت.
فەتی یڵدز گوتی: "پێویستە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیا جێبەجێ بکرێن؛ ئەگەر دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا پێشێلکارییەک دەستنیشان بکات و هەڵسەنگاندنێکی روون بۆ ئازادکردنی هەبێت، دەبێت ئەوە جێبەجێ بکرێت."
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی راپۆرتی لیژنەکەیان بۆ پڕۆژەیاسا لە پەرلەمان، یڵدز ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان "دەقێکی گشتگیر" ئامادە دەکەن و گوتی: "بوون یان نەبوونی بە پڕۆژەیاسا لە دەسەڵاتی پەرلەمانی تورکیایە. ئەگەر لە پەرلەمان رێککەوتن لەنێوان فراکسیۆنەکاندا بکرێت، دەکرێ پێشنیازەکە ببێتە یاسا." پێشیوایە پرۆسەی یاسادانانەکە "کاتێکی زۆری ناوێت."
ئەم لێدوانەی یاریدەدەرەکەی سەرۆکی مەهەپە هاوکاتە لەگەڵ پەیامەکەی رۆژی 3ـی شوباتی 2026ـی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە دۆخی دەمیرتاش و ئۆجەلان کردبوو و رایگەیاندبوو: "تاوەکو ئەو کاتەی ئانادۆڵ بە ئارامی، ئۆجەلان بە هیوا، ئەحمەدەکان بە پۆست و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە."