هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە ئەنقەرە لەگەڵ نوێنەرانی 32 باڵیۆزخانە کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە لەگەڵ نوێنەر و دیپلۆماتکارانی 32 باڵیۆزخانەی وڵاتان کۆبوونەوە. پرسی رۆژئاوای کوردستان، رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و پڕۆژەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەری، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی 32 باڵیۆزخانە لە ئەنقەرە، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و تورکیایان تاوتوێ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیش ئامادە بوو.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستە سەر رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق و رایگەیاند: "بەڕاستی جیهان قەرزاری وەفایەکە بەرامبەر کورد. کورد وەک لایەنێکی سێکولار لەو خاکانەی کە هێزە سەلەفییەکان تێیدا باڵادەستن، شایەنی ئەم دۆخە نییە."
 
باکرهان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتیی دیموکراتی جیهان کرد، رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی ناو سووریا.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، جەختی لە پێویستیی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا کردەوە کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتە و ئایینەکان پارێزراو بێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش کار بکات.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "لە سووریا چارەسەریی دیموکراسیمان دەوێت و دەمانەوێت چەکەکان بێدەنگ بن." داواشی لە وڵاتان کرد گوشارەکانیان بۆ سەر دیمەشق چڕ بکەنەوە تاوەکو دەستوورێکی دیموکراسی دابڕێژرێت.
 
میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی لە دۆخی ناوخۆی تورکیا و پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.
 
سانجار جەختی لەوە کردەوە، پرسی کورد تەنیا پەیوەست نییە بە تورکیاوە، بەڵکو پرسێکی هەرێمیی گەورەیە و پێویستی بە روانگەیەکی فراوان هەیە کە چارەسەرییەکان کوردانی ئێران و عێراقیش بگرێتەوە.