تورکیا بۆ ئێران: وەڵامی هەر هەڵسوکەوتێکی دوژمنکارانە دەدەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەبارەی ئەو مووشەکە ئێرانییەی لە پارێزگای هاتای خرایەخوارەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بۆ پاراستنی خاک و ئاسمانمان، هەموو هەنگاوێکی پێویست بەبێ دوودڵی دەنرێت. وەڵامی هەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە دەدەینەوە."
رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئازاری 2026، بورهانەدین دوران، دووپاتیکردەوە کە ئەو مووشەکەی لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، تێکشکێندراوە و جەختی لە هەڵوێستی ئەنقەرە لەڕووی ئاسایش و دیپلۆماسییەوە کردەوە.
دوران، ئاماژەی بە وردەکاریی تەکنیکیی رووداوەکە کرد و گوتی: "مووشەکێک کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و بە ئاسمانی عێراق و سووریادا تێپەڕیبوو، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆوە لە نزیک هاتای تێکشکێندرا. پارچەی مووشەکێکی پێشگر لە ناوچەیەکی کراوەی دۆرتيۆڵ لە هاتای کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە."
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان راشیگەیاند، دامەزراوەکانی تورکیا بە هاوئاهەنگیی تەواوەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن و توانای بەرگریی وڵاتەکەیان لە بەرزترین ئاستدایە.
دوران، جەختی لەوە کردەوە سازش لەسەر پاراستنی مافە سەروەرییەکانی تورکیا ناکرێت و گوتی: "بۆ پاراستنی خاک و ئاسمانمان، هەموو هەنگاوێکی پێویست بەبێ دوودڵی دەنرێت. لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا وەڵامی پێویست بۆ هەر هەڵسوکەوتێکی دوژمنکارانە دەدرێتەوە. لەم پرۆسەیەدا، راوێژ و هاوئاهەنگی لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبێت."
دوران، هۆشداریی دا لەبارەی بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە و داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن: "لەم قۆناخەدا، داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا دەکەین هەستیارانەتر بجووڵێنەوە؛ پشت بەو هەواڵ و بابەتانە نەبەستن کە پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەیە و رەنگە ببنە هۆی دروستکردنی ترس لەنێو رای گشتیدا. گرنگە ئاگاداری ئەو بابەتانە بن کە لە دەرەوەی لێدوانە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانەوە بڵاودەکرێنەوە."
دوران، بیرهێنایەوە کە کاری لەپێشینەی تورکیا چەسپاندنی ئاشتییە لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد: "وەک چۆن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارمان لە هەموو بۆنەیەکدا جەختی لێدەکاتەوە، تورکیا هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ دەدات بۆ ئەوەی ئاشتی، سەقامگیری و دیالۆگ لە ناوچەکەدا باڵادەست بێت. وڵاتەکەمان رۆڵێکی کارا دەگێڕێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، پاراستنی خەڵکی سڤیل و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان. دووبارە هۆشداری دەدەینە هەموو لایەنەکان کە لەو هەنگاوانە دووربکەونەوە کە دەبنە هۆی فراوانبوونی پێکدادانەکان."