ئۆجەلان: لەسەر بەڵێنەکانی خۆمم
رووداو دیجیتاڵ
پوختەی کۆنووسی سەردانی لیژنەکە بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا خوێندرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا لە پەرلەمان دامەزراوە، بۆ وەرگرتنی پێشنیازی پارتە سیاسییەکان سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەموارە یاساییەکان بۆ 19یەمین جار کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان پێشنیاز و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو راپۆرتەی کە بۆ هەموارە یاساییەکان ئامادە دەکرێت، خستەڕوو. دواتر کۆمیسیۆنەکە چووە سەر باسی سەردانەکەیان بۆ لای ئۆجەلان.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە سەرەتای باسەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنووسەکان ئاشکرا ناکرێن، بەڵکو لەبری ئەوە پوختەیەکیان لەبارەی کۆبوونەوەکە ئامادەکردووە کە هەموو تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە لەخۆدەگرێت.
کورتوڵموش هەروەها رایگەیاند، گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی؛ فەتحی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و حوسێن یایمان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی کە سەردانەکەیان کردووە، قسە لەبارەی کۆبوونەوەکە دەکەن.
بولەنت کایا، ئەندامی کۆمیسیۆنەکە لە فراکسیۆنی "رێگەی نوێ"، ناڕەزایەتیی بەرامبەر قسەکانی کورتوڵموش دەربڕی و داوای ئاشکراکردنی تەواوی کۆنووسەکانی کرد.
موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە-ش ناڕەزایەتیی دەربڕی و رایگەیاند، ئەم هەڵوێستە راست نییە و قبووڵی ناکەن. گوتی، "پێویستە کۆبوونەوەکە بە راشکاوی و شەفافییەتێکی تەواوەوە بکرێت. دەزانین دەوڵەت لەگەڵ ئۆجەلان قسەی کردووە. بۆیە پێویستە کۆنووسی راستەقینە بخرێتە بەردەم کۆمیسیۆن. ماف و پێویستیی هەموو هاوڕێکانمانە کە هێندەی ئەو هاوڕێیانەی چوون، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بزانن. پاڵاوتنی کۆنووسەکان راست نییە و نیگەرانییەکان زیاتر دەکات."
ساروهان ئۆڵوچ، ئەندامی کۆمیسیۆنەکە لە فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، هەوڵدەدرێت پرۆسەکە بەلارێدا ببرێت و پێویستە رێگە لەو هەنگاوانە بگیرێت.
ئۆڵوچ، گوتی، "دەزانین کۆبوونەوەکە زۆر باش و سەرکەوتوو بووە. ئاشکرانەکردنی کۆنووسەکان کێشە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دروست دەکات. لەم جۆرە پرۆسانەدا پێویستە هەنگاوی متمانەبەخش بنرێت. تاوەکو ئەمڕۆ ئەمە کراوە. ئێمە لەسەر لێواری هەنگاوێکی تێکدەری متمانەین، تکایە با ئەو هەنگاوە نەنێین. کۆبوونەوەیەک کراوە و کۆنووسێکی هەیە. ئێمە وەک ئەندامانی کۆمیسیۆن ناتوانین گوێی لێبگرین و بیزانین. بۆچی ئێمە نایبینین؟ شتێکی نهێنی نییە! گوترا پوختەکە هاوبەش دەکرێت. کێ پوختەکەی نووسیوە، بە چ عەقڵییەتێک نووسراوە؟ ئەمانەش نازانین."
پوختەی کۆبوونەوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە کۆبوونەوەکەدا خوێندرایەوە، بەم شێوەیەیە:
"لە کۆبوونەوەکەدا ئۆجەلان رایگەیاندووە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بە قسەکانی خزمەتێکی گەورەی بە سیستمی 100 ساڵەی پەیوەندیی تورک و کورد کردووە و ئازایەتییەکی کەموێنەی لە مێژووی کۆماردا نیشانداوە و سوپاسی کردووە. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەربڕیووە بۆ ئەو بوێرییەی لە پرۆسەکەدا نیشانیداوە."
ئۆجەلان: لەسەر بەڵێنەکانی خۆمم
"عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە کە لە سەرەتای پرۆسەکەوە لەسەر ئەو بەڵێنانە بووە کە داویەتی و ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت، توانای تیۆری و کرداری هەیە بۆ جێبەجێکردنی. بە درێژی باسی لە پاشخانی مێژوویی کردووە و جەختی لە گرنگیی برایەتیی تورک و کورد کردووەتەوە."
هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە
"عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، وازی لە شێوازی چەکداری هێناوە و شێوازی سیاسیی گرتووەتەبەر. بانگەوازی 27ی شوبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە و دانانی چەک لەلایەن کۆمەڵگەوە پێشوازیی لێکراوە و خەڵک چاودێریی ئەم پێشهاتە دەکات و خۆی لە سووریا و عێراقیش کاریگەریی هەیە."
لەم خاڵەدا، دوای ئەوەی فەتحی یڵدز بەبیریهێنایەوە کە لە دۆسیەی سزادانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا پارێزەری خانەوادەی شەهیدان بووە، ئۆجەلان گوتوویەتی، "من لەسەر ئەو بەڵێنانەم کە لەو پرۆسەیەدا داومن کە بە تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد."
"گیانلەدەستدانی هەر سەربازێک تراژیدیایە"
"دوای ئەوەی حوسێن یایمان رایگەیاندووە کە بە هەستیاریی خانەوادەی شەهیدانەوە هاتووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتوویەتی، گیانلەدەستدانی هەر سەربازێک بۆ ئەو تراژیدیایە، هەرگیز پێی دڵخۆش نەبووە و پێویستە گەنجان بەو شێوەیە نەمرن. هەروەها گوتوویەتی، پێویستە بە دڵنیاییەوە لە تورکیا و ناوچەکە چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە و نیگەرانیی خۆی بۆ هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش دەربڕیووە (رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، دوو گەریلا هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای توساش بۆ بەرهەمهێنانی چەک، دوای خۆتەقاندنەوەیان پێنج کەس کوژران)."
هەروەها "پێی گوتراوە، بەکارهێنانی زمانی سەردەمی پێش لۆزان و 1924 پرۆسەکە ژەهراوی دەکات."
داوای بانگەوازێکی نوێی بۆ سووریا لێکراوە
"لە کۆتاییدا، لە کاتی چۆڵکردنی ناوچەی زاپدا، بوونی چەک بە دەستی ئەندامانی رێکخراوەکەوە لەنێو رای گشتیدا تووڕەیی دروستکرد و دەرکەوت پەکەکە بە تەواوی پابەندی بانگەوازەکە نەبووە. پێی گوتراوە کە پێویستە هەسەدە پابەندی رێککەوتنی 10ی ئادار بێت و پێویستە بانگەوازێکی نوێ بۆ سووریا بکات."
پێویستە پەکەکە نەک تەنیا چەکی دەستی، بەڵکو لە رووی هزریشەوە چەک دابنێت
"پێی گوتراوە کە ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی هەموومانە و کاتێک دەگوترێت 'چەک دابنێن' هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە دەگرێتەوە. تێبینی کراوە کە پەکەکە ئەو هێزانەی لە عێراق دەیانکشێنێتەوە، دەیاننێرێت بۆ سووریا و ئەمەش ناکۆکی لەگەڵ لێدوانەکانی پێشوودا دروست دەکات. لە بەرامبەردا ئۆجەلان رایگەیاندووە، 'پێویستە پەکەکە نەک تەنیا چەکی دەستی، بەڵکو لە رووی هزریشەوە چەک دابنێت."
فەتحی یڵدز: ساڵێکە هیچ شەهیدێک نەدراوە
"فەتحی یڵدز رایگەیاندووە، تەنانەت لەو کاتانەی هەواڵی شەهید دەهات، هیچ کەسێک جامی دراوسێ کوردەکەی نەشکاندووە و سەرەڕای ئەو هەموو ئازارە، هەرگیز دوژمنایەتیی کورد و تورک دروست نەبووە."
"لەسەر پرسیارەکانی حوسێن یایمان سەبارەت بە سووریا، ئۆجەلان گوتوویەتی، پێویستە لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە سووریا زۆر وریابن و بۆ سووریا پشتگیری لە سیستمی یەکگرتوو دەکات."
"گوتوویەتی، لەم جوگرافیایەدا تورک بەبێ کورد و کورد بەبێ تورک ناژین. هەروەها رایگەیاندووە، لە ساڵی 1995ـەوە وازی لە بیری سۆسیالیزمی هێناوە و گۆڕانی هزری پرۆسەیەکی بەئازارە، بەڵام هەر جارە و یەکێک ئەم هەوڵەی تێکداوە. گوتوویەتی، ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر بەئەنجام نەگەیشتنی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئۆزال، دەمیرەل و ئەربەکان لە ساڵی 1993ـەوە تاوەکو ئێستا."
"مەزڵووم عەبدی دەناسیت؟"
"کاتێک پرسیاری لێکراوە 'فەرهاد عەبدی شاهین دەناسیت؟' ئۆجەلان گوتوویەتی، کەسێکی نزیکی خۆیەتی. کاتێک گوڵستان کڵچ کۆچیگیت پرسیویەتی 'زۆر تەندروست دەبینرێیت، ئایا هیچ شتێکت هەیە لەبارەی مافەکانی ژنانەوە بیڵێیت؟' ئۆجەلان سڵاوی خۆی گەیاندووە."