ئۆزگور ئۆزەل: ئەو کوردانەی لە سووریا دەژین خزم و کەسوکاری ئێمەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایدەگەیێنێت، جیاوازی لەنێوان پێکهاتەکان ناکەن و دەڵێت: "هەموو ئەو کوردانەی لە تورکیا و سووریا دەژین، خزم و کەسوکاری ئێمەن." هاوکات بەڵێنی گێڕانەوەی شارەوانیی هاتای دەدات.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (CHP)، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی سێیەمین ساڵیادی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەڕەش، سەردانی پارێزگای هاتای کرد و لە شارۆچکەی ئەنتاکیا لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتەکەی کۆبووەوە.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، ئۆزەل پەیامێکی ئاراستەی پێکهاتەکانی سووریا و ناوچەکە کرد و گوتی: "ئێمە لە سووریا تورکمان، عەرەب، کورد و سوننەکانمان خۆشدەوێت، هەروەها عەلەوییەکان کە گیان و خوێنی ئێمەن."
 
سەرۆکی جەهەپە جەختی لە پەیوەندیی خزمایەتیی نێوان کوردانی هەردوو دیوی سنوور کردەوە و رایگەیاند: "هەموو برایەکی سوننەم کە لە هاتای دەژی، هەروەک چۆن لە هاتای دەژی، هەموو ئەو سوننانەی لە سووریا دەژین و هەموو ئەو کوردانەی لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا یان لە سووریا دەژین، خزم و کەسوکاری خۆمانن."
 
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی سووریا و چارەسەری کێشەکان، ئۆزگور ئۆزەل ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دابینکردنی سەقامگیری.
 
ئۆزەل گوتی: "بە هەموو هێزمانەوە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستوورێک لە سووریا دابڕێژرێت کە هەموو کەسێک لەخۆبگرێت؛ لە کورد، تورکمان، عەلەوی، سوننە و درووزەکان. دەمانەوێت دۆخێک بێتە ئاراوە کە بە تەواوی ئاسایشی گیان و ماڵ هەبێت و کەس بە ترسەوە نەچێتە جێگەی نووستن."
 
بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی جەهەپە تەرخانکرابوو بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری رابردوو، کە تێیدا جەهەپە سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی هاتای لەدەستدا.
 
ئۆزەل دانی بە هەڵەکانیاندا نا و گوتی: "لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداردا سەرکەوتنێکی گەورەمان لە سەرانسەری تورکیا بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا و تەنیا شارەوانیی گەورەی هاتایمان لەدەست دا. لەوێدا هیچ کاممان بێتاوان نین."
 
لە کۆتاییدا ئۆزگور ئۆزەل بەڵێنی گێڕانەوەی ئەو شارەوانییەی دا و گوتی: "وانەیەکی گەورەمان وەرگرت. وەک جەهەپە، لە قۆناخی داهاتوودا شارەوانیی گەورەی هاتای بەدەستدەهێنینەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەدەستی نەدەین."