مافی هیوا عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگرێتەوە؟ لێدوانی ر‌اوێژکارێکی ئەردۆغان لەو بارەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بۆردی سیاسەتی یاسایی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و گەورە ر‌اوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، پشتیوانیی خۆی بۆ لێدوانێکی فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە لەبارەی "مافی هیوا" بۆ زیندانیان دەربڕی و ر‌ایگەیاند، "عەبدوڵڵا ئۆجالانیش دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو زیندانییانەوە. 
 
ئەمە یەکەم لێدوانی فەرمیی کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیایە لەبارەی "مافی هیوا"وە، کە لە رۆژەڤی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"ـی پەرلەمانی تورکیادایە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، محەممەد ئوچوم لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ر‌ایگەیاند: "بەڵێ، وەک بەڕێز فەتی یڵدز بە درێژی باسی کرد، مافی هیوا توانای ئازادکردنێکی تایبەت بە کەسێک یان ئۆجەلان نییە. مافی هیوا بە گشتیش ر‌استەوخۆ توانای ئازادکردن نییە. مافی هیوا بریتییە لە پێدانی هیوا بە هەموو ئەو کەسانەی کە سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە."
 
ئوچوم دەڵێت، ئەم مافە توانای ئازادکردنی مەرجدارە و کاتێک بۆ ئەو زیندانییانەش دەڕەخسێت کە ئێستا لێی بێبەشن، هەر بەپێی بنەماکانی ئازادکردنی مەرجدار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بڕیارەکەش لەلایەن "بۆردی بەڕێوەبردن و چاودێری"ـیەوە دەدرێت، واتە ئازادکردنەکە ئۆتۆماتیکی نابێت.
 
ر‌اوێژکارەکەی ئەردۆغان ئەو زیندانییانەی دەستنیشان کردووە کە "مافی هیوا" دەیانگرێتەوە:
 
یەکەم: ئەو کەسانەی بە تاوانی دیاریکراو، سزای قورسی هەتاهەتاییان وەرگرتووە.
 
دووەم: ئەو کەسانەی بە تاوانی تیرۆر، پێشتر سزای لەسێدارەدانیان بۆ سزای قورسی هەتاهەتایی گۆڕاوە.
 
سێیەم: ئەو کەسانەی وەک تاوانباری تیرۆر سزای قورسی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.
 
ئوچوم لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئۆجەلانیش دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو زیندانییانەوە. بابەتەکە هەر ئەمەیە."
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی دووەمی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا، کە لە 1ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێکرد، دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە دەستپێشخەر بوو بۆ وروژاندنی زۆر بابەتی هەستیار، وەک بانگهێشتکردنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان و ئەمجارەیان داوای ئازادکردنیان کرد، لە رێگەی یاسای مافی هیواوە دەکەن.
 
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لەبارەی "مافی هیوا" ر‌وونکردنەوەیەکی بڵاوکردبووەوە و تێیدا ر‌ایگەیاندبوو، بەپێی یاسای ئێستای تورکیا، ئەو کەسانەی سزای قورسی هەتاهەتاییان هەیە، دوای بەسەربردنی 30 یان 36 ساڵ لە زیندان، مافی ئازادکردنی مەرجداریان هەیە، بەڵام ئەمە ر‌استەوخۆ ئازادکردن ناگەیێنێت.
 
یڵدز ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەپێی یاسا، ئەو کەسانەی بە تاوانی "دژی ئاسایشی دەوڵەت"، "دژی سیستمی دەستووری" و "دژی بەرگریی نیشتمانی" لە چوارچێوەی رێکخستنێکدا سزای قورسی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، یاسای ئازادکردنی مەرجدار نایانگرێتەوە و تاوەکو مردن لە زینداندا دەمێننەوە.
 
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە هەروەها باسی لەوە کردبوو، ئەو تاوانبارانەی تیرۆر کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ سزای هەتاهەتایی گۆڕاوە، سوود لە ئازادکردنی مەرجدار وەرناگرن و تاوەکو مردن لە زینداندا دەمێننەوە.
 
یڵدز لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت دەبێت زیندانییانی هەتاهەتایی هیوایەکیان بۆ ئازادبوون هەبێت، بە "مافی هیوا" ناودەبرێت و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاش مانەوەی زیندانیان بۆ هەتاهەتایە لە زینداندا بەبێ هیچ هیوایەکی ئازادبوون، بە پێشێلکردنی ماددەی 3ی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا دەزانێت.