ئەردۆغان دوای تێکشکاندنی مووشەکێکی ئێرانی: هیچ شتێک بۆ رێکەوت جێناهێڵین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ، مووشەکێکی بالیستیی ئێرانییان تێکشکاندووە کە بە ناو خاکی عێراق و سووریادا بەرەو ئاسمانی تورکیا دەڕۆیشت.
رۆژی چوارشەممە 05-03-2026 وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد، مووشەکەکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست لە لایەن سیستمە بەرگرییەکانی ناتۆوە بەرپەرچ دراوەتەوە و پووچەڵ کراوەتەوە.
بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا رایگەیاندووە: "مووشەکەکە بنکەیەکی سەربازیی لە قوبرسی یۆنانی کردبووە ئامانج، بەڵام لە رێڕۆی خۆی لایداوە و بەرەو تورکیا هاتووە." پاشماوەی مووشەکەکە لە ناوچەی (دۆرتیۆڵ) لە باشووری تورکیا و نزیک سنووری سووریا کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هێرش بۆ سەر سەروەریی خاکی تورکیا "قبووڵکراو نییە" و بەڵێنی پشتگیریی تەواوی ئەمریکای بۆ ئەنقەرە دووپات کردەوە.
ناتۆش بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە "هەڕەمەکییەکانی" ئێرانی کرد و جەختی کردەوە، بە تووندی لە پشت هاوپەیمانەکەیان دەوەستن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی نیگەرانی و کاردانەوەی وڵاتەکەی پێ بگەیەنێت. هاکان فیدان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە، "دەبێت لە هەر هەنگاوێک دوور بکەونەوە ببێتە هۆی فراوانبوونی جەنگەکە."
فیدان رەخنەی توندی لە ستراتیژیی ئێران گرت و گوتی: "پێدەچێت ستراتیجی ئێران ئەوە بێت: ئەگەر من ژێرئاو کەوتم، هەموو ناوچەکەش لەگەڵ خۆمدا ژێرئاو دەخەم، ئەمە ستراتیژییەکی هەڵەیە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور و ئاسمانی خۆی. ئەردۆغان کە پێشتر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە "نایاسایی" وەسف کردبوو گوتی: "لەم ساتە سەختانەدا، ئێمە هیچ شتێک بۆ رێکەوت جێناهێڵین سەبارەت بە ئاسایشی سنوور و ئاسمانمان."
تورکیا کە زیاتر لە 500 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئێران هەیە، تاوەکو ئێستا هەوڵیداوە خۆی لە جەنگەکە بەدوور بگرێت. وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی کردەوە: "مافی وەڵامدانەوەی هەر کارێکی دووژمنکارانەمان هەیە کە ئاراستەی وڵاتەکەمان بکرێت."