وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ئازەربایجان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەیەکی نزیک لە ناوچەی نەخچیڤان لە ئازەربایجان دەکات کە بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون و زیانی مادی زۆری لێکەوتەوە.
لە راگەیێندراوە نووسراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانە دەکەین کە ئەمڕۆ (5ی ئادار) کرانە سەر کۆماری خۆسەری نەخچیڤانی ئازەربایجان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشانە بهێندرێت کە وڵاتانی سێیەم لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج و مەترسیی گەوربوونی شەڕ زیاد دەکەن. تورکیا، وەک هەمیشە لە پاڵپشتیی ئازەربایجان بەردەوام دەبێت."
رۆژی 05-03-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، درۆنەکان لە ئێرانەوە ئاراستەی نەخچیڤان کراون. باکوو بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "ئازەربایجان مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەی بۆ خۆی پاراستووە."
گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی (ئەمریکا و ئیسرائیل) گەیشتووەتە لووتکە. دوێنێش تورکیا رایگەیاند، مووشەکێکی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی تێکشکێندراوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی جەنگەکەیە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئێران.