تورکیا ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کارا کرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای پەسندکردنی یاسای ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە پەرلەمان، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە تورکیا بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
ئامادەبووان بریتی بوون لە جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار؛ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی؛ ئۆمیت ئوناڵ، سەرۆکی فەرمانگەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی؛ ئاکن گورلەک، وەزیری داد؛ مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆ؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ هالوک گۆرگون، بەرپرسی سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگری و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵا.
بەشداربوونی ئەو کۆبوونەوەیە بڕیاردەر و پلانداڕێژەری ستراتیژی و سیاسەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەلیکترۆنین لە تورکیا.
بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کارا کرد. ئەو ئەنجوومەنە لەژێر چەتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، کاری پاراستنی تورکیا دەبێت لە مەترسییە ئەلیکترۆنییەکان.
تورکیا کارەکانی ئەو ئەنجوومەنەی لە چوارچێوەی یاسای ئاسایشی ئەلیکترۆنی دیاری کردووە کە لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا لە 4ی ئایاری 2026 ئەو یاسایە پەسەند کرا.
بەپێی یاساکە، ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەشێکی دانەبڕاو دەبێت لە ئاسایشی نیشتمانی.
لە چوارجێوەی یاساکەدا سەرجەم دامودەزگا و رێکخراوە گشتییەکان و هەروەها کەسانی ئاسایی و یاسایی بەرپرسیار دەبن لە جێبەجێکردنی سیاسەت و ستراتیژییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن یان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
تورکیا بۆ خۆپاراستنی و وەڵامدانەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی پێشینە بە بە بەرهەمە ناوخۆیی دەدات.
بەپێی یاسای ئاسایشی ئەلیکترۆنی تورکیا، ئەو کەسانەی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر دامودەزگای دەوڵەت ئەنجام دەدەن یان خاوەنی هەر زانیارییەکن کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا بەدەستیان هێناوە، سزای زیندانیکردنیان لە 8 بۆ 12 ساڵ بەسەردا دەسەپێندرێ. ئەوانەی زانیارییەک لە ئەنجامی هێرشێکی ئەلیکترۆنی لەو بەدەستهاتووە بڵاودەکەنەوە، دەینێرن بۆ شوێنێکی دیکە، یان دەیفرۆشن، سزای زیندانیکردنیان لە 10 بۆ 15 ساڵ بەسەر دا دەسەپێندرێت.
ئەنجوومەنی یاسایشی ئەلیکترۆنی بە فەرمانی ژمارە 177ی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە 8ی کانوونی دووەمی 2025 دامەزرا و راستەوخۆ سەر بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمارە.