یاریدەدەری ئەردۆغان: بە نەمانی تیرۆر دیموکراسییەتی تورکیا زیاتر گەشە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی دەستووری نوێ خێراتر دەبێت. "چەسپاندنی ئاشتیی هەمیشەیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە سووریا،" گرنگییەکی ژیانی هەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.
 
رۆژی پێنجشەممە پێنجی حوزەیرانی 2025، جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە. 
 
لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە، جەودەت یڵماز رایگەیاند: "سەدەی تورکیا، سەدەی ئارامی و برایەتی دەبێت. ئیدی تیرۆر وەک هەڕەشە نامێنێت و بەرەی ناوخۆ بەهێز دەبێت، ستانداردە دیموکراسییەکانیش گەشە دەکەن. لە بەرامبەردا چاوچنۆکی و پیلانی ئیمپریالیزمەکان لە ناوچەکەماندا پووچەڵ دەکرێنەوە. بەمەش رێگەخۆش دەکات بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنی و خێراتر بوونی پرۆسەی گەشەپێدانی وڵات. 
 
جەودەت یڵماز ئاماژەی بەوەدا گەیشتن بە دەستوورێکی نوێ، مەدەنیی و ئازادیخوازی گشتگیر کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە و گونجاو بێت لەگەڵ داواکارییەکانی سەردەمدا، بووەتە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش. 
 
راشیگەیاند، ئامانجمان لەو کارانەی دەستووردا کە دوای جەژن هەنگاوەکانی خێراتر دەبن، گەیشتنە بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دیموکراسییانە کە تەواوی 86 ملیۆن هاووڵاتی بگرێتەوە. جەختیشی کردەوە پرۆسەکە لە کاتێکدایە کۆماری تورکیا پێ دەنێتە ناو دووەم سەدەی خۆیەوە، ئەمەش گرنگییەکی ژیانی هەیە.
 
جەودەت یڵماز، بەشێکی پەیامەکەی بۆ گرنگی سەقامگیری سووریا تەرخانکرد و رایگەیاند، "دابینکردنی ئارامیی هەمیشەیی لە سووریا، گەڕانەوەی سەربەرزانەی پەناخوازەکانیان و چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، دەبێتە بەردی بناخەی ئاشتی بۆ ناوچەکەمان."