دەم پارتی: چاوەڕێین لە ماوەیەکی نزیکدا یەکەمین قۆناخی ماڵئاواییکردن لە چەکی پەکەکە ببینین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، "چاوەڕێین لە ماوەیەکی نزیکدا یەکەمین قۆناخی ماڵئاواییکردن لە چەک ببینین."
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "چاوەڕێین لە ماوەیەکی نزیکدا یەکەمین قۆناخی ماڵئاواییکردن لە چەک ببینین. ئەوە قۆناخێکی گرنگ و مێژوویی دەبێت."
بڕیارە گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا لە هەرێمی کوردستان وەکو هەنگاوێکی "نیازپاکانە" بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان دابنێن، دواتریش بگەڕێنەوە قەندیل.
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، "دەمانەوێت چەکەکان بە تەواوی دابنرێن و زەوینەی سیاسەتی دیموکراسی فراوان بکرێت. دەبێت لە بەرامبەر دانانی چەکەکاندا هەنگاوی کردەیی بنرێت."
دۆغان رایگەیاند، یەکێک لەو هەنگاوانەی حکومەتی تورکیا پێویستە لەم دۆخەی ئێستادا بینێت، ئەوەیە "زمانی" بەرامبەر بە پرۆسەی چارەسەری بگۆڕدرێت و دەستەواژەکانی هاوشێوەی "تیرۆری 40 ساڵە" بەکارنەهێنێت.
دۆغان گوتی، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتوون، لە چەند رۆژی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێک بڵاودەکاتەوە، "چاوەرێ دەکەین پەیامەکە ڤیدیۆیی بێت، بەڵام ناتوانین جارێ سەبارەت بە نێوەڕۆکی پەیامەکە هیچ شتێکی بڵێین."
لە 1ی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.