هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی تورکیا بەردەوامن؛ 44 کەس دەستگیر کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی لە 12 پارێزگەی وڵاتەکە کەوتوونەتەوە بەردەوامن. وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەش ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا 44 کەس کە گومان دەکرێت دەستیان لە کەوتنەوەی ئاگرەکان هەبووبێت، دەستگیرکراون. 
 
ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئاگری دارستانەکانی سنووری حەوت شارۆچکەی پارێزگەکانی ئیزمیر، یەنیشەهیر، بورسا، باڵکئەسیر و چانناکالەی تورکیا و مەڕەشی باکووری کوردستان کۆنترۆڵ کراوە.
 
یوماکلی ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی ''گەورەی'' ئاگری دارستانی سنووری شارۆچکەی ساروهانڵی لە مانیسا و دارستانی سنووری شارۆچکەی میلاس لە موغڵا کۆنترۆڵ کراوە و هەوڵەکانیان بۆ تەواو کۆنترۆڵکردنی بەردەوامن.
 
رۆژی 25ی ئەم مانگە، ئاگر لە دارستانی سنووری شارۆچکەی عەلیئاغای ئیزمیر کەوتەوە و دواتریش ئاگر بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی 11 پارێزگەی دیکەی گرتەوە. بەهۆی مەترسیی ئاگرەکەوە، چەند گەڕەکێکی لە شارۆچکەی سەفەریهیساری ئیزمیر چۆڵکران. 
 
تاوەکو ئێستا سێ کەس بەهۆی ئاگرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
لەلایەکی دیکەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 44 کەس دەستگیرکران کە گومانیان لێدەکرا دەستیان لە کەوتنەوەی ئاگرەکان هەبووبێت و تاوەکو ئێستا 10یان خراونەتە زیندانەوە.