مەهەپە لەبارەی لیژنەکەی پەرلەمان: دەرفەتێکی مەزنە

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت، ئەو لیژنەیەی بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکهێندراوە، ''دەرفەتێکی مەزنە'' بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای وڵاتەکەی.
 
فەتی یڵدز، یاریدەدەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە، 5ی ئابی 2025 لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، شەڕی پەکەکە زیانی زۆری ئابووری بە وڵاتەکەی گەیاندووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری ''دەرفەتێکی مەزنە'' بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە.
 
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە هەروەها نووسیویەتی، ئامانجیان لە لیژنەکە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەرییە و هەروەها ''دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ هەموو ئەو کێشانەی پەیوەندیدارن بەو پرسە لەڕێگەی بۆچوونی هاوبەشەوە''.
 
فەتی یڵدز، هەروەها رۆڵی باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەی ''بەرز'' نرخاندووە بەوەی، 1ی تشرینی یەکەمی پار، دەستپێشخەری بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا کرد.
 
ئەو گوتانەی یڵدز لە کاتێکدایە، لیژنەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا ناو و کارنامەی لیژنەکە دیاری بکرێت.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەلە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.