دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا تانەی جەهەپەی پەسند کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەسەر سکاڵای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆبووەوە و تانەی ئەو پارتەی پەسند کرد.
 
کاژێر 14:30ی ئەمڕۆ هەینی 5ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سکاڵای جەهەپە دژی بڕیاری راگرتنی کۆنگرەی رێکخستنەکانی لە شارۆچکەکانی سارییەر، توزلا، باکرکۆی، باشاکشەهیر و ئاتاشەهیر کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا چووە بەردەم رۆژنامەڤانان و رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تانەی جەهەپەی پەسند کرد.
 
ئەحمەد یەنەر گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکانی هەڵبژاردنی سارییەر، تووزلا، باکرکۆی، ئاتاشەهیر، باشاکشەهیر بەهۆی نایاساییبوونی تەواوەوە هەڵوەشێندرانەوە. بڕیاردرا کۆنگرەکانی جەهەپە بکرێن و لەو خاڵەوە بەردەوام بن کە راگیراون."
 
جەهەپە پێی وایە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکانی شارۆچکەکانی سارییەر، توزلا، باکرکۆی، باشاکشەهیر و ئاتاشەهیر لەلایەن ئەنجوومەنەکانی هەڵبژاردنی ئەو شارۆچکانەوە بە پشتبەستن بە بڕیاری 45ـەمین دادگای بنەڕەتیی ماف، نایاساییە.
 
لەسەر ئەو بنچینەیەش خشتەی کۆنگرەکانی لقی رێکخستنی شارۆچکەکانی جەهەپە بەردەوام دەبێ و کۆنگرەکان ئەنجام دەدرێن.
 
جەهەپە لەو سکاڵایەی رۆژی 4ـی ئەیلوولی 2025 پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی کردبوو، رایگەیاندووە، بڕیاری 45ـی دادگای بنەڕەتیی ماف لە ئیستەنبووڵ کە لە 2ی ئەیلوولی 2025 دەرچووە، "زەوتکردنی ئەرکێکە کە لەڕووی یاسایی و کردەییەوە جێبەجێکردنی ئەستەمە."
 
جەهەپە رایگەیاندووە، بەپێی مادەی 79ی دەستوور، هەڵبژاردنەکان تەنیا بە سەرپەرشتیی دەستەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچن و داوا دەکات دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتی بەکاربهێنێت و بڕیاری دەستەکانی هەڵبژاردنی ئەو شارۆچکانە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2023، دوای گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی جەهەپە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵ جەهەپە بەڕێوەچوو. ئۆزگور چەلیک بە 342 دەنگ بەرامبەر رکابەرەکەی جەمال جانپۆڵات کە 310 دەنگی بەدەستهێنابوو، بە سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە هەڵبژێردرا. ئۆزگور چەلیک بەربژێری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و جەمال جانپۆڵاتیش سەر بە کڵچدارئۆغڵو هەژماردەکران. 
 
دواتر جەمال جانپۆڵات و کەسایەتییەکانی نزیک لە کڵچدارئۆغڵو تۆمەتی "ساختەکاری لە دەنگدان"یان خستەپاڵ بەرپرسانی جەهەپە. داواکاری گشتی کۆماریی ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد. ئەو ئەندامانەی سەر بە کڵچدارئۆغڵو بوون، تۆمەتی ئەوەیان خستەپاڵ بەرەی ئیمامئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزەل کە دەنگی ئەندامانیان بە بڕی 150.000 لیرە (نزیکەی 3650 دۆلار) تا 350.000 لیرە (نزیکەی 8500 دۆلار)، هەروەها دیاریی مۆبایل و تابلێت و بەڵێنی کار لە شارەوانییەکان دراوە."
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا داواکاری گشتی دۆسیەیەکی بۆ 10 کەس ئامادەکرد، لەنێویاندا ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبوڵی جەهەپە؛ ئینان گونەی، سەرۆکی شارەوانی بەیئۆغڵو و رەزا ئەکپۆڵات، سەرۆکی پێشووی شارەوانی بێشیکتاش، بە تۆمەتی "ساختەکاری لە دەنگدان" بەپێی مادەی 112ی یاسای ژمارە 2820ی پارتە سیاسییەکان، کە سزای یەک تا سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دانراوە.
 
داواکارییەکە لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ بە ژمارە 72 قبوڵکرا و دۆسیەکە کرایەوە. یەکەم دانیشتنیش بۆ 6ی کانوونی دووەمی 2026 دیاریکرا.
 
لەلایەکی دیکەوە 45ـەمین دادگای شارستانیی ئیستەنبووڵ لە 2ی ئەیلوولی 2025 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکەی دا و چەلیک و دەستەی کارگێڕی لەکار دوورخستەوە. لە جێگەی ئەوان، ئەنجوومەنێکی کاتی پێکهاتوو لە گورسل تەکین، زەکی شەن، حەسەن باباجان، موجدات گوربوز و ئەرکان نارسەپ دانرا. دادگا بڕیاری دوورخستنەوەی 196 ئەندام کۆنگرە و 39ـەمین کۆنگرەی ئاسایی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە.