دەم پارتی وۆرکشۆپێک لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رێکدەخات
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وۆرکشۆپێک لە ئەنقەرە بە ناونیشانی (پێداویستییە یاساییەکان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) بە بەشداریی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ژمارەیەک کەسایەتیی ئەکادیمی رێکدەخات.
ئەمڕۆ هەینی 5ی ئەیلوولی 2025، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، سبەی شەممە 6ی ئەیلوول، وۆرکشۆپێک بەناونیشانی (پێداویستییە یاساییەکان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) رێکدەخات. پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە چەندین لیژنەی جیاواز لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی ئەکادیمی و پسپۆڕ بەشداری دەکەن.
بەپێی راگەیێندراوی دەم پارتی، ئەندامانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، ئەندامانی لیژنەی یاسا و مافی مرۆڤ لە دەم پارتییەوە بەشداری لە وۆرکشۆپەکەدا دەکەن.
هاوکات، ئەو کەسایەتییە ئەکادیمی و پسپۆڕانەش ئامادە دەبن کە لە بوارەکانی یاسای مافی مرۆڤ، نەهێشتنی شەڕ و ململانێ، یاسای دەستووری، یاسای سزادان، یاسای کارگێڕی، مافی هیوا و مافی ئاشتیدا کار دەکەن.
گرنگترین ئەو تەوەرانەی لە وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت بریتین لە:
- پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە و خۆگونجاندن لەنێو کۆمەڵگە
- نەهێشتنی جیاکاری لە جێبەجێکردنی سزا و هەموارە ئەرێنییەکان لە یاسای جێبەجێکردن
- رێکخستنی مافی هیوا، ئەو رێکخستنە ئەرێنییانەی کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ململانێ لە یاسای بنەما و رێکارەکانی سزادا دەکرێن
- هەموار و رێکخستنە ئەرێنییەکان لە بواری ئازادیی رادەربڕین
- ئەو هەموار و رێکخستنە ئەرێنییانەی بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و پێشینە یاساییەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیا دەکرێن
گوتاری دەستپێکی وۆرکشۆپەکە لەلایەن میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی پێشکێش دەکرێت.
دانیشتنی یەکەم کراوە دەبێت بۆ میدیاکان. کۆبوونەوەکە رۆژی شەممە 6ی ئەیلوولی 2025، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی یەکێتیی موڵکداران لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.