وەزیری دادی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: دەرفەت بەوانە نادەین دەیانەوێت تێکی بدەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا لە گوتەیەکدا لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد و رایگەیاند، "دەرفەت نادەین بەوانەی دەیانەوێت تێکیبدەن."
ئەمڕۆ هەینی 5ی ئەیلوولی 2025 یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە گوتەیەکدا لە جۆلەمێرگ ئاماژەی بە شەڕ و پێکدادانی چەندین دەیەی نێوان پەکەکە و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "لە ماوەی 41 ساڵدا نزیکەی 3 تریلیۆن لیرە زیانی مادیی زۆر گەورەمان بەرکەوتووە. دەکرا ئەم گوژمەیە بۆ گەشەی ئابووریی زیاتری تورکیا بەکاربهاتایە."
وەزیری دادی تورکیا باسی لەوەش کرد شەڕ و پێکدادانەکان نەوەک تەنیا لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە برینێکی گەورەیان دروستکردووە و گوتی، "هەزاران کەسمان لەدەستدا. گەنجەکانمان برانە چیاکان. خەنجەر لە برایەتیی هەزار ساڵەمان درا. ئێستا لە قۆناخێکداین ئەو خەنجەرە دەردەهێندرێ. یەکڕیزی و پێکەوەییمان بەهێزتر دەکەین و بەردەوام دەبین لە رێگەکەمان."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، تونچ گوتی، "ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا، لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیەی لەسەر ئەم بابەتە پێکهێندراوە، پەرلەمانتارانمان، نوێنەرانی گەلەکەمان قسە و گفتوگۆ دەکەن وراوێژ لەبارەی ئەو هەنگاوانەوە دەکەن کە لە داهاتوودا دەنرێن. لە ئەنجامی ئەو راوێژانەدا بێگومان کۆمەڵێک راسپاردە و بڕیار دەبن و لەسەر بنەمای ئەو بڕیار و راسپاردانەش، بەوپەڕی سووربوونەوە بەردەوام دەبین لە هەنگاونان."
تونچ باسی لەوە کرد دووژمنانی تورکیا نایانەوێ ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و گوتی، "چاومان لەسەر بەکرێگیراوەکانیان لە تورکیا دەبێ. دەرفەت نادەین بەوانەی دەیانەوێ ئەم پرۆسەیە تێکبدەن. ئەم پرۆسەیە زۆر بە هەستیاریی کاری بۆ دەکرێت، پێکەوە دەیگەیەنینە سەرکەوتن و ئەم سەرکەوتنە، سەرکەوتنی گەلەکەمان دەبێت."
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت.
پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.