مانگی رابردوو لە تورکیا و باکووری کوردستان 20 ژن کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی "تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین - KCDP،" راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژی دژ بە ژنان لە سەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا، 20 ژن كوژران و 22 ژنی دیكەش بە شێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی مانگی ئەیلوولی پلاتفۆرمەكە، 5 ژن بەدەستی هاوژینەكانیان، 3 ژن بەدەستی کوڕەکانیان، 3 ژن بەدەستی هاوژینی پێشوویان، 3 ژن بەدەستی خزمەکانیان، 2 ژن بەدەستی خۆشەویستە پێشووەکانیان، ژنێک بەدەستی براکەی، 2 ژن بەدەستی باوکیان و ژنێک بەدەستی خۆشەویستەکەی كوژراون. بەو پێیە 65%ی ژنان لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 12 ژن لەنێو ماڵەكانیاندا، 5 ژن لە شەقام، 2 ژن لە شوێن کارەکانیان و ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێل كوژراون. بەمەش 60%ی ژنان لەو مانگەدا لەنێو ماڵەکانیاندا کوژراون.
لە مانگی ئەیلوولدا، 19 ژن لە شارەکانی تورکیا و 1 ژن لە باکووری کوردستان کوژراون. زۆرترینیان لە ئیستەنبووڵ کوژراون کە 3 ژن بوون. لە باکووری کوردستانیش یەک ژن لە دیلۆک کوژراوە.
لە 9 مانگی ئەم ساڵدا، لە تورکیا و باکووری کوردستان 285 ژن کوژران و 211 ژنی دیكەش بە شێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو پلاتفۆرمە، لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2023دا 315، لە ساڵی 2022دا 398، لە ساڵی 2021دا 367 و لە ساڵی 2020یشدا 300 ژن کوژراون.