کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان جارێکی دیکە میوانداریی وەزیرانی داد، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی میت دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، وەزیرانی داد، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) جارێکی دیکە بانگهێشتی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەکرێن و گوێیان لێدەگیرێتەوە. دەشڵێت، چەندین جار داوایان لە دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆن کردووە شاندێک رەوانەی ئیمراڵی بکات بۆ گوێگرتن لە ئۆجەلان. 
 
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، میوانی بووڵتەنی کۆڕۆژی رووداو بوو، رایگەیاند، کارەکانی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کرد، بەتەواوی کۆتاییان نەهاتووە و پێشبینی دەکەن چەند هەفتەیەکی دیکەش بەردەوام بن، چونکە داواکاریی زۆر لەلایەن شاندەکانەوە هەن و داوا دەکرێت گوێیان لێ بگیرێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای گوێگرتن لەو داواکارییانە، وەزیرانی داد، ناوخۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و رەنگە وەزیری بەرگریش جارێکی دیکە سەردانی کۆمیسیۆن بکەنەوە.
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی باسی کارەکانی داهاتووی کۆمیسیۆنەکەی کرد و گوتی: "راپۆرتێکی سەرەتایی دەنووسرێت و دواتر کۆمیسیۆن کار لەسەر ئەوە دەکات چ گۆڕانکارییەک لە رەشنووسی پڕۆژەیاسا و یاساکانی داهاتوودا بکرێت، پاشان ئەنجامی کارەکانی پێشکێشی پەرلەمان دەکات."
 
سەبارەت بە دۆخی ئۆجەلان رایگەیاند، بەردەوام پەیامی خۆی ئاراستەی دەوڵەت، پەرلەمان، ئەوان، هەموو پارتە سیاسییەکان و رای گشتیی تورکیا دەکات. جارێکی دیکە جەختی لەسەر "دیموکراسیی دانوستاندنکار" کردووەتەوە و بانگەوازەکەی نوێکردووەتەوە. ئەو دەیەوێت لەگەڵ کۆمیسیۆن کۆببێتەوە و دانوستاندنی دیموکراسیی دەستپێبکات. "ئەو هەم لەلایەن رێکخراوەوە دانوستاندنکاری سەرەکییە و هەم لەلایەن ئێمەشەوە ئەکتەری سەرەکییە، بۆیە پێویستە بە دڵنیاییەوە لەنێو ئەم دانوستاندنەدا بێت".
 
دەم پارتی داوا دەکات کۆمیسیۆنی چارەسەری گوێ لە ئۆجەلانیش بگرێت. سزایی تەمەللی گوتی: "ئەم داواکارییەمان بە نوعمان کورتوڵمەش و کۆمیسیۆنیش گەیاندووە، بەڵام ئەوان دەڵێن بە فەرمی ئەمەیان نەخستووەتە نێو کارنامەی کۆمیسیۆنەوە. بۆ ئێمە ئەمە بابەتێکی لەپێشینەیە، چونکە دەبێت لە خاڵی دروستەوە دەستپێبکەین. پرسی کورد پرسێکی هەستیارە و چارەسەری دیموکراسییانەی پەیوەندیی بە تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموومانەوە هەیە. نوعمان کورتوڵموش و ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکەش ئەمە باش دەزانن، بەڵام بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەوە، پێویستە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە نومەن بەی سەرۆکایەتیی دەکات، بیخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە، کە تاوەکو ئێستا نەکراوە".
 
لەبارەی چەکدانانی پەکەکە، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، "دەبێت گەرەنتیی یاسایی بۆ ئەوانەی واز لە چەک دەهێنن، پرۆسەکانی بەشدارییان لە سیاسەتدا و مافی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان دابین بکرێت. سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پەکەکە، بێگومان ئەوان خۆیان رای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە. پەکەکە وەک دانوستاندنکاری سەرەکی ئاماژە بە بەڕێز ئۆجەلان دەکات و لە رێگەی ئەوەوە ئێمەش لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئاگادار دەبین."
 
هەسەدە و پرسی سووریا، تەوەرێکی دیگەی گفتوگۆی رووداو و تەمەللی بوو. ئەو رایگەیاند، "ئەمە بابەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە و پەیوەندیی بە بەدیموکراسیکردن و ئاشتیی سووریاوە هەیە. ئێمە وەک تورکیا، دەبێت هاوکار بین بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە سووریا، چونکە ئەمە بۆ ئارامیی هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویستە. ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ئارامییەک هەبێت و سیستمێکی تەندروست دروست بووبێت، ئەوە لە ئەنجامی ئیدارەیەکی تایبەت و سیستمێکی فیدراڵییەوەیە. بۆیە، پێویستە بە گەرمی پێشوازی لە سیستمی لامەرکەزی بکرێت و وەک ئامرازێکی چارەسەری سەیر بکرێت."
 
بۆ پرۆژەیاساکان رایگەیاند، لە تورکیا، ئامادەکاری بۆ پاکێجی 11ـی دادوەری دەکرێت. پێویستە یاسای سزادانی تورکی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە سەردەمی شەڕدا داڕێژراون، بگۆڕدرێن. ئەگەر بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێین، دەبێت ئەو یاسایانە هەموار بکرێنەوە کە زەمینەی دەوڵەتی یاسا خۆش دەکەن. بەڕێز ئۆجەلان ئەمانە بە "یاساکانی قۆناخی راگوزەر" ناودەبات. ئەگەر ئەم هەنگاوانە بەخێرایی بنرێن، تورکیا لە بواری دیموکراسی و دەوڵەتی یاسادا پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.