کەجەکە کۆتایی بە ئاگربەست هێنا

 رووداو - تورکیا 
 
هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکین کوردستان- کەجەکە کۆتایی بە ئاگربەستە تاکلایەنەکەی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هێنا.

لە راگەیەندراوێکدا کەجەکە  رایگەیاند " چالاکییە سەربازییەکانمان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستپێدەکەینەوە و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانمان بەهۆی سیاسەتی شەڕانگیزانەی پارتی دادو گەشەپێدانە".

هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکین کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باسیان لەوە کردووە " ئێمە هەموو کات ئامادەی ئاگربەستی دوولایەنەین و لەکاتێکدا ئێمە ئاگربەستمان راگەیاندبوو، سوپای تورکیا هێرشی دەکردە سەر باکووری کوردستان". 

 کەجەکە هەروەها رایگەیاند "  ئاگربەستە تاکلایەنەکەی ئێمە هیچ ئەنجامێکی بۆ چارەسەری پرسی کورد نابێت و هەوڵ و هەڵوێستی جددی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بەدی ناکەین بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا".

کەجەکە باس لە ئەرکی هێزە دیموکراسییەکانی دیکەش دەکات و دەڵێت " لە رێگای بەرخودانەوە دەگەیێنە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیکو  ئەرکی هەموو هێزە دیموکراسییخوازەکانە کە لە دژی فاشیزمی ئاکەپە هەوڵەکانیان چڕترکەن".