ئەردۆغان: 433 هەزار و 667 یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان دروستکراون

رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەییب ئەردۆغان دەڵێ، 433 هەزار و 667 یەکەی نیشتەجێبوون و 21 هەزار و 690 شوێنکار بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی سێ ساڵ لەمەوبەری باکووری کوردستان و تورکیا دروستکراون.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتەیەکەدا لە پارێزگای عوسمانییە گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023 کاریگەری لەسەر 14 ملیۆن کەس لە 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان هەبوو و رایگەیاند: "دەوڵەت لە یەکەم ساتەوە دەستی بە هەنگاوەکانی کرد. 650 هەزار کارمەند بۆ گەڕان، رزگارکردن و یارمەتیدان رەوانەی شوێنەکان کران و هەموو دامەزراوەکان بە هاوئاهەنگی کاریان کرد."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بە زیانی ئابووریی بوومەلەرزەکە کرد و گوتی: "تێچووی راستەوخۆی کارەساتەکە 104 ملیار دۆلار بوو، بەڵام تێچووە ناڕاستەوخۆکەی نزیکەی 150 ملیار دۆلار بوو. ئەمە لە مێژووی تورکیادا گەورەترین زیانی ئابوورییە کە بەهۆی کارەساتێکی سرووشتییەوە روویدابێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن لەدوای بوومەلەرزەکە گرت و گوتی: "یەک دوای یەک دەرکەوتن و گوتیان 'دەوڵەت هاووڵاتییانی خۆی بەتەنیا جێهێشت'. گوتیان 'یارمەتیدان بەپێی رەنگی دەنگی هەڵبژاردن دەکرێ'. گوتیان 'ئەمانە ناتوانن خانووە نوێکان تەواو بکەن'. بەڵام ئەو خانووانەی کە دەیانگوت 'تەواو نابن' ئێستا ئامادەن."
 
ئەردۆغان گوتی، تاوەکو ئێستا لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان 433 هەزار و 667 شوقە و خانوو، 21 هەزار و 690 شوێنکار بە تەواو کراون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچکە و گوندەکان و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتوو، تاوەکو ئێستا 3.6 تریلیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 91.5 ملیار دۆلار) خەرجکراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بودجەی ساڵی 2026دا 653 ملیار لیرە (نزیکەی 14 ملیار و 725 ملیۆن دۆلار) تەرخان کراوە بۆ ئەوەی شارەکان بە جۆرێک بن بتوانن رووبەڕووی زیانی کاریگەری بوومەلەرزە ببنەوە و گوتیشی: "ئێمە بە قسەی بریقەدار نا، بە هەنگاوەکانمان قسە دەکەین."
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.