تورکیا لە ساها 2026 مووشەکی هایپەرسۆنیک و 'گۆمەزی پۆڵایین' نمایش دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداریی زیاتر لە 1,700 کۆمپانیا لە 120 وڵاتەوە، هەشتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ساها 2026 لە ئیستەنبووڵ کرایەوە. لە یەکەمین رۆژدا تورکیا نوێترین دەستکەوتە سەربازییەکانی نمایشکرد، لەوانەش مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی کیشوەربڕ و سیستمە پێشکەوتووەکانی 'گۆمەزی پۆڵایین'.
 
رۆژی سێشەممە، 5ی ئایاری 2026، پێشانگەی "ساها ئێکسپۆ" بۆ پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان دەستیپێکرد. ئەم پێشانگەیە کە لەسەر رووبەری 100 هەزار مەتر چوارگۆشە سازکراوە، بووەتە ناوەندێکی جیهانی بۆ واژۆکردنی گرێبەستە ملیار دۆلارییەکان و نمایشکردنی هێزی تەکنەلۆژیی تورکیا.
 
'یڵدریمهان'؛ برووسکە کیشوەربڕەکەی تورکیا
 
یەکێک لە سوپرایزە گەورەکانی پێشانگەکە، نمایشکردنی یەکەمین مووشەکی بالیستیی هایپەرسۆنیکی دوورمەودای تورکیا بوو بە ناوی "یڵدریمهان". ئەم مووشەکە کە ناوی لە سوڵتان بایزیدی یەکەمی عوسمانی (نازناو: یڵدرم - برووسکە) وەرگیراوە، توانایەکی بێوێنەی هەیە و مەوداکەی دەگاتە 6 هەزار کیلۆمەتر.
 
مووشەکەکە بە چوار بزوێنەری بەهێز کاردەکات و خێراییەکەی لە نێوان 9 بۆ 25 هێندەی خێرایی دەنگدایە (نزیکەی 30 هەزار کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا). ئەم خێراییە زۆرە و توانای مانۆڕکردن، وا دەکات سیستمەکانی بەرگریی نەتوانن پێشوەختە ئاگاداری بن یان رێگری لێ بکەن. "یڵدریمهان" توانای هەڵگرتنی 3 هەزار کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە.
 
پەرەپێدانی 'گۆمەزی پۆڵایین' و شەڕی ئەلیکترۆنی
 
کۆمپانیای (ئەسێلسان)ی تورکی، چەند سیستمێکی نوێی بۆ "گۆمەزی پۆڵایین" (Steel Dome) نمایشکرد کە وەک چەترێکی پارێزەر بۆ ئاسمانی تورکیا دادەنرێت. دیارترین سیستمەکان
بریتین لە:
 
  - سیستمی ILGAR: بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی و پەکخستنی پەیوەندییەکانی دووژمن.
  - سیستمی KORAL: بۆ تێکدانی رادارە ئاسمانی و زەمینییەکان.
  - سیستمی GÖKALP: ناسراو بە "راوچیی درۆن"، کە لە رێگەی پێکدادانی فیزیکییەوە درۆنە کامیکازییەکان لەناودەبات.
  - سیستمی GÖKBERK: چەکێکی لێزەریی 10 کیلۆواتی بۆ تێکشکاندنی هەڕەشە ئاسمانییە مەودا نزیکەکان.
 
درۆنی 'مزراک' و هێلیکۆپتەری 'ئاڵپن'
 
کۆمپانیای (بایکار) کە بە درۆنەکانی ناسراوە، پەردەی لەسەر درۆنی "مزراک" (بە واتای رم) لادا. ئەم درۆنە کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکات، مەوداکەی زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە و دەتوانێت 7 کاژێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە. تایبەتمەندییەکی گرنگی "مزراک" ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر سیستمی GPSـیش بپچڕێت، دەتوانێت ئەرکەکەی تەواو بکات و بگەڕێتەوە بنکەکەی.
 
ئەم درۆنە، تاوەکو 40 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵدەگرێت و پشت بە سیستەمی ژیری دەسترکرد دەبەستێت لە گەڕان و دۆزینەوە و پێکانی ئامانجەکەی.
 
کێشی درۆنەکە 200 کیلۆگرامە، باڵەکانی چوار مەتر درێژە، توانای بەرزبوونەوەی تاوەکو  10 هەزار پێیە و زۆرترین خێرایی نزیکەی 185 کم لە کاژێرێکدا.
 
جگە لە ئەرکی هێرشکردن، بەهۆیی ئەو تەکنەلۆژیایە تیایدا بەکارهاتووە وەکو گەڕان بە دوای فرێکوێنسی رادیۆیی بۆ دیاریکردنی وردی ئامانجەکان و هەردوو پێکهاتەکە کامێرای ئەلکترۆ-ئۆپتیکاڵ؛ دتواندرێت بۆ ئەرکەکانی سیخوڕی و چاودێریش بەکاربهێندرێت.
 
مزراک بە شێوەیەکی بێ کێشە لەگەڵ فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی  تی بی 2 و تی بی 3 و ئاکینجیی بایکار، لە رێگەی بەستەری داتا و ڤیدیۆی دیجیتاڵی بایکارەوە پەیوەندی دەبێت و دەتوانێت لەهەمان کاتدا زانیاری لەگەڵ فرۆكە بی فرۆکەوانەکانی دیکە ئاڵوگۆر بکات.
 
هاوکات هێلیکۆپتەری بێفڕۆکەوانی "ئاڵپن" نمایشکرا، کە وەشانێکی نوێی بۆ نیشتنەوە لەسەر کەشتییە جەنگییەکان پەرەپێدراوە. لە کەرتی دەریاییشدا، ئۆتۆمبێلی بێ شوفێری "جەللاد" نمایشکرا کە خێراییەکەی 50 نۆتە و دەتوانێت 500 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرێت.
 
هەناردەی 41 ملیار دۆلاری و هەژموونی تورکیا
 
محەمەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا، لە پەراوێزی پێشانگەکەدا رایگەیاند، پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی لە ریزبەندی 5 وڵاتی یەکەمی جیهاندایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە "دوو لەسەر سێی درۆنە جەنگییەکانی جیهان دروستکراوی تورکیان."
 
بەپێی ئامارەکان، داهاتی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا لە ساڵی 2002ـەوە کە تەنیا 41 ملیار دۆلار بووە، بۆ ساڵی 2025 گەیشتووەتە 264 ملیار دۆلار. ژمارەی کۆمپانیاکانی ئەم کەرتەش لە 56 کۆمپانیاوە بۆ 3,500 کۆمپانیا لە ساڵی 2026دا بەرزبووەتەوە، ئەمەش تورکیای کردووەتە یانزدەهەمین وڵاتی جیهان لە هەناردەکردنی چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیدا.