ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بەسەرکەوتوویی بە ئەنجامی دەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بەسەرکەوتوویی پرۆسەی چارەسەر بە ئەنجام دەگەیێنن و رێگە نادەن بەربەستی بۆ دروست بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات: ''تاوەکو سەت ساڵەی تورکیا نەکەین بە سەت ساڵەی ئاشتی و برایەتی، لە هەوڵدان ناوەستین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رۆژی هەینی، شەشی حوزەیرانی 2025 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە ئەندامانی رێکخستنی پارتەکەی کرد و بەشێکی پەیامەکەیشی تایبەت کرد بە پرۆسەی چارەسەری.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: ''ئەم پرۆسە خێردارە کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی برایەتیی هەمیشەیی 86 ملیۆن کەس، پشت بە خودا بەبێ ئەوەی رێگە بدەین هیچ بەربەستێکی بۆ دروست بکرێت، بەسەرکەوتوویی بە ئەنجامی دەگەیێنین''.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد: ''تاوەکو سەت ساڵەی تورکیا نەکەین بە سەت ساڵەی برایەتی، دیموکراسی، خۆشگوزەرانی و ئاشتی، لە هەوڵدان ناوەستین. لەم رێگەیەدا بەبێ هیچ جۆرە جیاکاریێک، تەواوی 86 ملیۆن کەس لەباوەش دەگرین''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.