تڕێلەكانی میت لە خزمەتی "جیهاد"دا

كەمال گۆكتاش

سكانداڵی ترێلەكانی میت كە چەك بۆ جیهادییەكانی ناو سووریا دەنێرن، گەیشتە لووتكە و لەنێو رای گشتیی توركیا و تەنانەت نێودەوڵەتیشدا دەنگی دایەوە. 

سكانداڵی ترێلەكانی میت، دوای تەقینەوەی كێشەكانی نێوان حكومەت و جەماعەت (ی فەتحوڵڵا گویلەن) لە 17-25ی كانوونی یەكەمی 2013دا، یەكێك بوو لە گرنگترین خاڵەكانی ئەو ململانێیە. حكومەت راگرتنی تڕێلەكانی میتی بە كودەتای جەماعەت لەدژی حكومەت ناوبرد. هەرچەندە ئەمە وەكو بەرهەمی ململانێی هەردوو شەریكە كۆنەكەش بێ، بەڵام ئەو زانیاریانەی ئاشكرابوون، وا نیشان دەدەن كە وەكو سكانداڵی گەندەڵی 17-25ی كانوونی یەكەم، حكومەت جدییە لەوەی "كودەتای جەماعەت" بخاتە چوارچێوەی پلانی دووەمی. 

خاڵی وەچەرخان لەو دەنگۆیانەی كە دەیانگوت توركیا چەك و تەقەمەنی دەداتە گرووپە جیهادییەكانی وەكو داعش و ئەلقاعیدە لە سووریا، بە سكانداڵی راگرتنی تڕێلەكانی میت لە 1/1/2014 لە شارۆچكەی قركخان لە هاتای گەرمتر بوو. دوای ئەوەی ئاشكرابوو ئەو تڕێلانە سەر بە میتن، حكومەت رێگری كرد لەوەی بپشكنرێن، جەلالەدین لەكەسز، والی ئەوكاتی هاتای بە نووسراوێك فەرمانی دا رێگە لە پشكنینی تڕێلەكان بگیرێت.

جیهادییان دەگواستەوە

لەدوای ئەو رووداوە، لە 10/1/2014دا پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە ئەدەنە، ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر دوو پاس كرد كە لە گەراجێكدا وەستێندرابوون. بەڵام لە جیاتی ماددەی هۆشبەر 40 سندووقی پڕ لە گوللەی دۆشكە و بی كەی سییان دۆزییەوە. شوفێرانی هەردوو پاسەكە (شاهین گوڤەنماز و ئەسەد لوتفی) كە دەستگیركران، لە ئیفادەكانیاندا دانیان بەوەدا نا كە پاسەكانیان لەلایەن میتەوە بەكرێ گیراون و جگە لە چەك و تەقەمەنی، جیهادی دەگوازنەوە. ئەوان گوتیان كە جیهادییەكان بۆ كەمپی ئاتمە لەسەر سنووری توركیا دەگوازنەوە. ئەوان بە هاوڕێیەتی میت جیهادیەكانیان بە چەك و تەقەمەنییەوە لەناو خاكی توركیا بۆ ئاكچەقەڵا گواستووەتەوە و لەوێشەوە جیهادییەكان سنووریان بەرەو گرێ سپی بڕیوە.

لە 19ی كانوونی دووەمی 2014دا، جەندرمە دوو ترێلەی پشكنی كە پڕ بوون لە چەك و تەقەمەنی، هەروەها چەند ئەندامێكی میت كە هاوڕێیەتی شۆفێرانی بارهەڵگرەكانیان دەكرد، دەستگیركران. 

عەونی جۆش، والی ئەوكاتی ئەدەنە بەناوی حكومەتەوە نووسراوێكی بۆ عەزیز تاكچی، دادوەری لێكۆڵینەوە نارد و نووسیبووی "ئەو تڕێلانە چەك و تەقەمەنی لەنێوان یەكەكانی سەر بە میت دەگوازنەوە".

ئەردۆغان ئاگادار بووە

دادوەر عەزیز تاكچی كە لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیركرا، باسی پشكنینی ئەو دوو تڕێلانە دەكات و دەڵێت "لەناو دوو تڕێلەكە چوار سندووقی پۆڵا هەبوو، لەناویاندا گوللە تۆپ، كاتیۆشا و جبەخانە هەبوو". 

تاكچی لەدرێژەی قسەكانیدا دەڵێت "فەرمانم بە جەندرمە كرد نموونەی ئەو چەكانە لەلای خۆی هەڵبگرێ، لەو ساتەدا حوسێن عەونی جۆش، والی ئەدەنە، جەنگیز زەیبەكچی، بەڕێوەبەری ئەمنیەتی ئەدەنە لەگەڵ 400 كەس لە هێزی تایبەت و تیمەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە. والی پێیگوتم ئەو ئۆتۆمبێلانە سەر بە میتن، وەزیری ناوخۆ و سەرۆك وەزیرانیش (رەجەب تەیب ئەردۆغان) ئاگادارن، سەرۆك وەزیر خۆی پێیگوتم ئەو ئۆتۆمبێلانە سەر بە میتن، واز لەو ئۆتۆمبێلانە بێنن".

درۆیەكەی ئەردۆغان ئاشكرا بوو

كاتێك ئەو سكانداڵە بڵاوبووەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان كە ئەوكات سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو، رایگەیاند "بە دەستی میت چەك دەگەیەنینە توركمانەكانی بایر بوجاك، ئەوانیش هاوار دەكەن و بە جیهان دەڵێن توركیا پشتگیریی تیرۆر دەكات". بەڵام یاسین ئاكتای كە بەرپرسێكی ئاكپارتییە، ئەوكات گوتی "چەكی ناو تڕێلەكان بۆ سوپای ئازادی سووریا دەچوو".

لە كاتێكدا ئەردۆغان و داودئۆغلۆ دەیانگوت "ئەوە هاوكاریی مرۆییە بۆ توركمانەكان"، توركمانەكان دەیانگوت ئەوان هاوكارییەكی لەوجۆرەیان وەرنەگرتووە. كاتێك وێنەی پشكنینی هەردوو ترێلەكە لە رۆژنامەی جمهوریەت بڵاوكرایەوە، ئەو درۆیە ئاشكرا بوو. لەسەر ئەمە سەرۆك وەزیر داودئۆغڵو گوتی: "بەبێ شەرمكردن دەیڵێم. ئەو هاوكارییە بۆ توركمانەكانی بایر بوجاك دەچوو. برا توركمانەكانمان لەوێ كۆمەڵكوژ دەكرێن و ئێمەش سەیریان دەكەین".

" 2000 ترێلە لە پێداویستی"

گرنگترین زانیاری دەربارەی كارەكانی میت لە سووریا لە 30ی ئاداری 2014 بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بە تۆمارێكی دەنگی لە یوتۆپ بڵاوكرایەوە. تۆمارەكە دەنگی كۆبوونەوەیەكی ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری دەرەوەی ئەوكات، هاكان فیدان راوێژكاری میت، فەریدون سنرلیئۆغڵو راوێژكاری وەزارەتی دەرەوە، جەنەراڵ یەشار گولەر فەرماندەی دووەمی سەرۆكایەتی ئەركانی توركیا بوو دەربارەی سووریا.

لەكۆبوونەوەكەدا هاكان فیدان دەڵێت "نزیكەی 2000 تڕێلەمان ناردووە. ئەگەر پێویست بكات چوار كەس دەنێرمە سووریا، هەشت مووشەك بهاوێژنە توركیا و بیانووی شەڕ دەدۆزمەوە، پێیاندەڵێین هێرش بكەنە سەر مەزاری شا سولەیمان".

میتەكانی ناو داعش

مانگی ئابی ساڵی رابردوو، نیهاد یاڵنز كە خۆبەشێكی شیعەیە، گوتی سێ‌ ئەندامی داعش بەناوەكانی (م.ی)، (ئا.چ) و (ك.ش) كە لە عێراق دەستگیركراون، ئەندامی میتن.

یاڵنز كە پەیامێكی بۆ ئەحمەد داودئۆغڵو و عەبدوڵڵا گیول ناردووە، خۆی وەكو خۆبەخشێكی شیعە ناساندووە و وێنەی سێ‌ ئەندامی ناردووە.

دەنگۆ هەیە لە كۆبانێ‌ و مووسڵ 12 كارمەندی ئیستیخبارات و هێزی تایبەت لەنێو داعشدا كوژراون. لەبارەی ئەو دەنگۆیانە مەولود دودو، پەرلەمانتاری جەهەپە چەند پرسیارێكی ئاراستەی حكومەت كرد، دوای تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێك هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارانەی وەرنەگرتووەتەوە.

ماڵپەڕێكی میسری بەناوی  Egypt Daily News بڵاوی كردەوە كە سوپای میسر لە بیابانی سینا شانەیەكی لە ئەندامانی داعش و ئەوانەی هاوكاریی داعش دەكەن دەستگیر كردووە، دەگوترێ‌ چوار ئەندامی میت لە نێو دەستگیركراوەكاندا بوون.

توركیا و نەوتی داعش

پەیوەندیی توركیا بەگشتی لەگەڵ جیهادییەكان و بە تایبەتیش لەگەڵ داعش تەنیا سەربازی و هەواڵگری نییە، بەڵكو ئەو پەیوەندییە رەهەندی بازرگانیشی هەیە. بەتایبەتی ئەو بانگەشەیەی كە دەڵێت داعش لە بەرامبەر چەك و پارەدا بە نرخێكی زۆر هەرزان نەوتی مووسڵی بە توركیا فرۆشتووە.

بەپێی راپۆرتێكی جەهەپە، داعش لە ناوچەكانی هاتای، عەنتاب، روها و كلیس بە رێگای بۆڕی، نەوت و گازی رەوانەی توركیا كردووە و 800 ملیۆن دۆلاری قازانج كردووە. بەڵام هەریەك لە سەرۆكایەتی وەزیران، میت، دەزگای لێكۆڵینەوەی تاوانە داراییەكان گوتیان "داعش هیچ پارەیەكی لە توركیا نییە و نەوتی نەفرۆشتووە". 

لە راپۆرتەكەی جەهەپەدا هاتووە كە داعش پارەی ئەو چەكانەی دەیكڕێت بە نەخت نا، بەڵكو بە "زیندەماڵ" دەیانكڕێت و دەڵێن ئەو بازرگانییە لەلایەن "بازرگانانی چەك"ەوە كراوە. 

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز  بڵاوی كردەوە كە داعش سوود لە بۆرسەی بازاڕی رەش دەبینێت و لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی توركیا كە لەناویاندا بەرپرسیارانی حكومەتیش هەن، بازرگانی دەكات. لەو هەواڵەدا هاتووە "داعش بە هەرزان فرۆشتنی نەوت باشووری توركیای كردووەتە بازاڕێكی گرنگ، لەوانەیە لە بازرگانیی بازاڕی رەشدا هەندێك بەرپرسی حكومەت رەنت بەدەستبێنن". 

هەر بەپێی ئەو هەواڵەی رۆژنامە ئینگلیزییەكە "داعش لەو ناوچانەی لە عێراق داگیری كردوون رۆژانە 25- 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنێ و ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلاری دەستدەكەوێت. لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا، تانەر یڵدز، وەزیری وزە و سەرچاوەكانی توركیا گوتی "توركیا دەوڵەتی یاسایە. هەموو ئەرشیفەكان بەگوێرەی ئەمە دەكرێن".

*لە رۆژنامەی (جمهورییەت)ی رۆژی 16/10/2015 بڵاوكراوەتەوە.